سەنتەری ڕاوێژکاریی کۆچ لەهەرێمی کوردستان دادەمەزرێت

ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر هۆشیارکردنەوەو ئاگادارکردنەوەی گەنجان لەمەترسیەکانی کۆچی نایاسایی دەکات.

ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قیرانەکان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، پاش دامەزراندنی سیستەمی گەڕانەوەی نیشتیمانی کە بۆ خزمەتکردنی ئەو هاووڵاتیانە داندراوە کە  لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە.

راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا هەنگاوە کردارەکیەکان بۆ دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ دەستیان پێکردووە، دەشڵێت: سەنتەرەکە بە هاوبەشیی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ICMPD دادەمەزرێت کە کاری سەرەکی هۆشیارکردنەوەی گەنجان و پێدانی ڕاوێژی بەردەوام دەبێت پێیان.

ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و  ناز جەلال بەڕێوەبەری بەڕێوەبرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی هەولێر لەگەڵ شاندێکی ڕێکخراوی ICMPD کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە کردارەکیەکان لەپێناو دامەزراندنی سەنتەرە راوێژکاریەکەی کۆچ،  وەک دەستپێک لەپارێزگای هەولێر و دواتر تەواوی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان.