کۆبوونەوەی لیژنەی بەرنگاربوونەوەی بازرگانى کردن بە مرۆڤ ئەنجامدرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.25، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێم، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونى ئەندامانى لیژنە، کۆبوونەوەی لیژنەی بەرنگاربوونەوەی بازرگانى کردن بە مرۆڤ ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم لەو پێناوەدا و جەخت لە بەردەوامیدانى کارى هاوبەشى لیژنەى ناوبرا و فەرمانگە و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرایەوە بۆ داڕشتنى میکانیزم و پلان و بەرنامەى پێویست.

هەروەها سەرجەم دام و دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەردەوامیدا بە هەڵمەتى نەهێشتنى دیاردەى سواڵکردن لە ترافیک و شوێنە گشتییەکان و نەهێڵانى کارپێکردنى منداڵان و کارکردنی بە زۆرەملێ و کڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستە و بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم جۆرەکانی دیکەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دژ بە تاوانبار و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى ھاوبەشیان کردبێت لە ئەنجامدانى ئەمجۆرە تاوانانە.