سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە چەند شوێنێکی لە هەردوو شاری کۆبانێ و قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە نۆ کەس برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا دوو جار ئۆفیسی کۆکردنەوەی “مازۆتی سادکۆپ”ـی لە گەڕەکی “عەلای” شاری قامشلۆ کردە ئامانج.
هاوکات میدیاکانی نزیک لە هەسەدە بڵاویانکردووەتەوە، لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە، سوپای تورکیا شەش شوێنیان لە ناوەوە و دەوروبەری شاری قامشلۆ بە ئامانج گرتووە و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون.
وەکو ئەوەی میدیاکانی نزیک لە هەسەدە بڵاویانکردووەتەوە، ئەو شوێنانەی لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراون، بریتین لە باڵەخانەیەکی پیشەسازی، ناوەندێکی بیناسازی، چاپخانەیەک، وێستگەیەکی شەمەندەفەر، کارگەیەکی ئالیک و شوێنێکی دیکەی گەڕەکی “مەیسلوون” لە قامشلۆ.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیا دوو شوێنیان لەناو کۆبانێ کردبووە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کرێکار برینداربوون.