دەستەی وەبەرهێنان: ئەمساڵ 154 پڕۆژە بە گوژمەکەی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار مۆڵەتییان پێدراوە

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەهەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ ئەمساڵ 154 پڕۆژە مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە، بە گوژمەی چوار ملیار و 300ملیۆن دۆلار.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023وە تاکو ئێستا، 154 پڕۆژە مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە، سەرمایەکەی چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، کە هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی: “لە هەولێر 50 پڕۆژە مۆڵەتی وەرگرتووە، لە هەڵەبجە سێ پرۆژە، لە ناوچەی گەرمیان12 پڕۆژە، لە راپەڕین پێنج  پڕۆژە، هەروەها لە سلێمانیش 43 پڕۆژە مۆڵەتی وەرگرتووە، لە سۆران چوار، زاخۆ هەشت، دهۆکیش 29 پرۆژە مۆڵەتییان وەرگرتووە”.

بەرگەشت ئاکرەیی راشیگەیاند: “سەرجەم ئەو مۆڵەتانەی کە لەساڵی 2023 دراون زۆرترینیان لە کەرتی نیشتەجێبوون بووە، بە پلەی دووەم کەرتی بازرگانییە، دواتر پیشەسازیی دێت، دوای ئەویش کەرتی تەندروستی و کەرتی پەروەردە و کشتوکاڵ و هونەری و وەرزشیش دێت.

باسی لەوەشکرد، لە رووی کارگێڕییەوە رێککاری خۆی هەیە، ئەوان کە پڕۆژەکان پێشکەش بە دەستەی وەبەرهێنان دەکەن، لیژنەیەکی تایبەتمەند هەیە لە دەستە، هەروەها فەرمانگەیەکی تایبەتیشمان هەیە، بەناوی فەرمانگەی مۆڵەت و هەڵسەنگاندن ئەوان پرۆپۆزەڵەکە لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە سەیر دەکەن لەڕووی “مەرج و یاسا و کارگێڕییەوە.

گوتیشی: “بەشێکی هەرەزۆری دەستییان بە جێبەجێکردنی مۆڵەتەکانیان کردووە”.