دادگای فیدراڵی بەردەوام لە دژی مافه‌ دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکردووە

دادگای فیدراڵی تاكڕه‌وانه‌ و به‌بێ گوێدان به‌ پره‌نسیپه‌كانی هاوسه‌نگی، هاوبه‌شی و ته‌وافوق كه‌ عێراقی نوێی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، بڕیار له ‌دژی گه‌لی كوردستان و لایه‌نه‌ سووننه‌كان ده‌رده‌كات.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دوای دامەزراندنییەوە، لە 2017 ـەوه‌ له‌به‌ره‌ی دژ به‌ هەرێمی كوردستان و مافه‌ دەستوورییەکانی بڕیاری سیاسی ده‌رده‌كات و ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌ورورژێنێت كه‌ پەیوەستن به‌لێدان لە پێگەی ئابووری و سەروەری قەوارەی هه‌رێمی كوردستان، بەمەش پره‌نسیپی هاوبه‌شی، ته‌وافوق و هاوسه‌نگی پێکهێنانی عێراق نوێی پشتگوێخستووە.

به‌ گشتی ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌دژی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگاكانی ده‌ریكردوون، له‌دیوه‌ سیاسییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌دوژمنكارییەکی رەها خوێندنەوەی بۆ ده‌كرێت و به‌رده‌وامیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، هۆكاری سیاسی له‌پشت بڕیاره‌كانی دادگاكه‌وه‌، ده‌ستێك هه‌یه‌ تاكلایه‌نه‌ هه‌ڵیده‌سوورێنێت و باكگراوندی سیاسی و دوژمنكارانه‌ی مه‌به‌ستداری له‌پشته‌وه‌یه‌‌.

بۆ رێگری له‌و بڕیاره‌ دوژمنكارییانه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی كه‌ له‌دژی كورد و سووننه‌ و پێكهاته‌كان ده‌ریده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت داوای چەسپاندنی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی كرد ئه‌ویش به‌ ده‌ركردنی یاسای دادگای فیدراڵی و پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی بوو كه‌ له‌كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراقدا هه‌یه‌ و متمانه‌ی په‌رله‌مانی پێدراوه‌، كورد داوایكردووه‌ ده‌بێت ئه‌م دادگایانه‌ به‌جۆرێك پێكبهێنرێن ره‌نگدانه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌كانی هاوسه‌نگی، ته‌وافوق و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌بێت.

سووننه‌كانیش سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی نه‌رم، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هیچكام له‌ داواكانیان له‌ حكومه‌تی نوێی عێراق جێبه‌جێنه‌كراون. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا له‌ بڕیارێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا، دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان ده‌ركرد و له‌ ئه‌ركی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دووری خسته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی هێزه‌ سووننه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌ بڕیارێكی ته‌واو سیاسی و مه‌به‌ستداریان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵی له ‌دژی كورد و سووننه‌ له‌رابردوودا ده‌ریكردوون، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن ئه‌م دادگایه‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ستداوه ‌و له‌ژێر كاریگه‌ری بڕیاره‌ سیاسییه‌كاندایه‌ و كاریگه‌رییه‌كانیشی به‌سه‌ر پێكهاته‌ی كورد و سووننه‌وه‌ به‌زه‌قی ده‌ركه‌وتوون، كه‌ ئامانجی گشتی ئه‌و بڕیارانه‌ش بۆ كێشه‌ دروستكردن و لاوازكردنی پێگه‌ی یاسایی و سیاسی كورد و سووننه‌ ده‌بینرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش بێلایه‌نی دادگاكه‌ی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.