بەڕێوەبەرایەتییەکانی رەگەزنامە و پاسپۆرت بۆ هەفتەیەک لە کارکردن دەوەستن

بەڕێوەبەراتی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سبەی دووشەممەوە تا دوای سەری ساڵ کارکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەوەستێت.

رۆژی یەکشەممە (24ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەراتی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، راگرتنی کارەکانی لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە، لە رۆژی دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023 تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە لە عێراق لە کارکردن دەوەستن.

لەبارەی هۆکاری وەستاندنی کارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی رەگەزنامە و پاسپۆرت، ئاماژە بەوەکراوە، کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی ئاماری ساڵانەی کارەکانیانە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژە بەوەشکراوە کە پێدانەوەی کارتی نیشتمانی لە دەوامی بەیانیانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بەردەوام دەبێت وەک ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتییان.