وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێت، هەموو رێکارەکانی بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواو کردووە، کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، نوێنەری پارێزگارەکانی دهۆک و هەڵەبجە، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، سۆران، راپەڕین و زاخۆ و نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، باس لە دوو تەوەرەی سەرەکیی تایبەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەشکردنی رێژەی کارەبای پارێزگاکان کراوە، و میکانیزمی گونجاو بۆ خێرا دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە لە عێراقەوە بێت پەیڕەو دەکرێت، کە لەلایەن عێراقەوە زۆر دواخراوە و بڕەکەشی کەمە. لە کاتێکدا تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان لە نەوتەکەی هەرێم سوودمەند بوونە و دەکاتە رێژەی زیاتر لە %85 خێزانەکانی هەرێم.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو رێکارەکانی بۆ هێنان ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواو کردووە، کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەگەڕخستووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان بە شێوەیەکی یەکسان. دوای گفتوگۆکردن بڕیار درا تێست بۆ دابەشکردنی کارەبا بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان پارێزگاکان لەوەرزی بەهری ساڵی داهاتوو بکرێت و کارەبای بەردەوامیش تەنیا بۆ نەخۆشخانە و فرۆکەخانە و پڕۆژەکانی ئاو و گرتووخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بێت.
هاوکات پارێزگاکان سەرپشک کران بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی کارەبا دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر کارەبا و کارەبا بەردەوامەکان بکەن، ئەوانەی کارەبای بەردەوام نایانگرێتەوە، ماوەکانیشی کەم دەکرێتەوە.
سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدیش کارەبایەکی باش بۆ هاووڵاتیان گەڕاوەتەوە و بە یەکێک لە پرۆسە پێشکەوتووەکان دادەنرێت، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت.