وەزیری خوێندنی باڵای: لە کابینەی نۆیەم بە پلان کارمان لەسەر پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی کردووە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەم کابینەیەدا بە پلان کارمان لەسەر پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی کردووە، دەمانەوێت ریفرۆرم بکەین، هەموو ئاڕاستەکان بگۆڕین لەپێناو پەیوەندی ئەکادیمیا و بازاڕ، پەیوەندی هەلی کار و خوێندن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی2023، لەمیانی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمێک بۆ خوێندنی پیشەیی و تـەکنەلۆژیای زانیـاری و گەیاندن لە هەولێر، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گوتی: “لە کابینەی نۆیەمدا هەر لە سەرەتاوە کارمان لەسەر ئەوە کردووە بە پلان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەرە بە خوێندنی پیشەیی بدەین، بۆ ئەوەی چیتر چاوەڕێی دەستی کاری دەرەکی نەبین”.

وەزیری خوێندنی باڵا راشیگەیاند: “پێویستە هەموولایەکمان هەوڵی رژد بۆ خوێندنی گشتی بدەینەوە، لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگی و ئەنجومەنی وەزارەتی باڵا، بیرمان لەوە کردووەتەوە چۆن بەبێ ئەوەی شڵەژانێک و نیگەرانی دروست ببێت، چۆن بتوانین ئەو مەودایە لە وڵاتی خۆمان بەرفراوانتر بکەین، کاربکەین بۆ ئەو خوێندکارانە دوای ئەوەی بڕوانامە وەردەگرن لە رێگەی بڕوانامەکەیانەوە بتوانن ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و کەسوکارییان دابین بکەن”.

د. ئارام، ئەوەشی خستەڕوو: “خاڵێکی گرنگ هەیە لەم ریفۆڕم، ئەویش بابەتی گۆڕانکارییە لە خوێندن، ئێمە کۆنفرانسێکمان بەدەستەوەیە، لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ دروستکراوە، بۆ ئەوەی هەموو ئاڕاستەکان بگۆڕین لەپێناو پەیوەندی ئەکادیمیا و بازاڕ، پەیوەندی هەلی کار و خوێندن و هەلی کار دوای دەرچوون، بەشێوەیەکی تۆکمە و زانستییانە رێکبخەین، بۆ ئەوەی لەناو وڵاتی خۆمان بە مۆڕاڵ، کولتوور، عەقڵ و توانای خۆمان دەستی کاری خۆمان بۆ بازاڕی خۆمان و هزر و توانای خۆمان ئامادە بکەین، بۆ ئەو بۆشاییانەی کە لە بازاڕی کاری کوردستاندا هەیە”.

ئاماژەی بەوەشدا: “ئەگەر لە رابردوودا نەمانکردووە رەنگە کەمتەرخەم بووبین، بەڵام لەمەودوا گەر نەیکەین دەبێتە خیانەتی گشتی لە خۆمان”.