تورکیا راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درێژکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 23-12-2023، هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیاند، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.

رۆژی دووشەممە 03-07-2023، تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3-1-2024 درێژکردبووەوە و ئێستاش ماوەکەی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.

رۆژی 3رۆژی ـی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان راگرت.

 نزیکەی 176 نووسینگە و بریکاری گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە رۆژانە رێکلامیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بەڵام دوای راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشێک لە نووسینگانە رێکلامەکانیان راگرت.

پێشتر تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی راگەیاندبوو، لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی “رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە” لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو “رێکخراوە تیرۆریستییە” بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی داوە.