دوو قائیمقام و بەڕێوەبەری نوێی ناحیە دەستبەکاربوون

هەردوو قائیمقامی نوێی سیدەکان و چۆمان و، هەردوو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەکانی وەرتێ و بارزان سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-12-2023، لەبەردەم رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی سوێندخواردنی هەردوو قائیمقامی نوێی سیدەکان و چۆمان و، هەردوو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەکانی وەرتێ و بارزان، دوای گەڕانەوەی فەرمانی دامەزراندنیان لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەچوو.

هەر یەکە لە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و قائیمقامی هەردوو قەزای مێرگەسوور و رەواندزیش لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون.

 لە رێوڕەسمەکەدا هەر یەکە لە ئیحسان عەبدولقادر چەلی قادر، وەکو قائیمقامی نوێی سیدەکان؛ ئەحمەد بارزان عەلی نەبی، وەکو قائیمقامی نوێی قەزای چۆمان؛ شۆڕش حەسەن حەمد، وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی وەرتێ و پێرس سەعید محەممەد وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی بارزان سوێندی یاساییان خوارد.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەردوو قائیمقام و بەڕێوەبەرانی نوێی ناحیەکان کرد و ئامۆژگاریکردن کە خۆیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەدەنگەوە چوونیان تەرخان بکەن و بەوپەڕی دڵسۆزی و لێهاتوویی و پیشەیی و بێلایەنی خزمەتی سنوورەکانیان خۆیان بکەن و لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵک و متمانەی حکومەتی خۆیان بن.