بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، 15 سکاڵایان لەسەر پێشێلکارییەکانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمار کردووە.
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کێشە و گرفتی زۆر هەبوون، بەتایبەتی لە ئامێرەکان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، کە بووە هۆی بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدان”.
گوتیشی: “وەک پارتی لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی 15 ساکاڵامان تۆمار کردووە، دوو سکاڵا لە سنووری پارێزگای دیالە، سێ سکاڵا لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بەو هۆیەی بەشێک لە هێزە میلیشیاکان لەو سنوورە دەستدرێژیان کردە بریکار و کادیرەکانی ئێمە، هەروەها لە 10 سکاڵاشمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک تۆمارکردووە”.
سەبارەت بەوەی کە هەوڵێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکی پارتی لە کەرکووک، هاوار محەممەد گوتی: “بەداخەوە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ ئەو بابەتە هەیە، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر ئاستی سەرۆککۆماری پێشوو دەستوەردان لە بابەتی کورسی و دەنگەکان کرا، بەوهۆیەوە دوو کورسی پارتی لە هەولێر و نەینەوا دزران، کە بووە سەرەتاییەک بۆ کێشەی سیاسیی زۆر کە تائێستا لێکەوتەکانی ماوە، بۆیە دەڵێین ئەگەر جارێکی دیکە دەستکاری دەنگەکانمان بکرێت دەرئەنجامی باشی نابێت”.
ئاماژەی بەوەشدا: “لەناو کادیر و ئەندام و دۆستانی پارتی دەگوترێت ژمارەی کورسییە بەدەستهاتووەکانی پارتی لە ئاست گەورەی پارتی نین، بەڵام لێرەوە دڵنیایان دەکەمەوە کە پێگەی پارتی لەسەر ئاستی عێراق پارێزراوە و دەنگ و کورسییەکانی پارتی کەم نین، چونکە دەبێ بزانین پێشتر لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا 42 کورسی هەبوو ئێستا کراوە بە 26 کورسی، هەروەها لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ژمارەی کورسییەکان لە 42 کورسییەوە کراوە بە 16 کورسی بە کورسی کۆتاکانەوە، بۆیە ژمارەی کورسی هەموو لایەنەکان کەمیکردووە”.