ئەمڕۆ پێنج شەممە21-12-2023 بەبەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نۆیەمین كۆنگرەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەشاری هەولێر دەستی پێكرد.
دواتر مەسرور بارزانی گوتارێكی پێشكەشكرد و گوتی: یەكێتی ئافرەتانی كوردستان مێژوویەكی پڕ لەسەروەری و شانازی هەیە و لەقۆناغە جیاوازەكانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و ئافرەتان بەگشتی، هەمیشە پشتیوانێكی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون و لەرێزی پێشەوەی بەرگریكردندا بوون.
دەقی گوتارەكەی مەسرور بارزانی ….
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان، ئەندامانی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، میوانانی بەڕێز؛ بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم. ئومێدەوارم بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرەكەتان ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و خزمەتكردنی گەلەكەمان.
یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی كوردستان؛ یەكێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی كوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بوون و لە ریزی پێشەوەی بەرگریكردن لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان بوون.
رێز و پێزانینێكی زۆرم بۆ هەموو ئەو ئافرەتە تێكۆشەرانەی كوردستان و بەتایبەتی سەركردە خەباتكارەكانی پێشوو و ئێستای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە و، خەبات و تێكۆشانیان لە پێناو مافەكانی ئافرەتانی كوردستان بەرز دەنرخێنین.
لە مێژووی گەلی كوردستاندا ئافرەتان هەمیشە رۆڵێكی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە. بۆ نموونە لە راپەرین و شۆڕشەكانی گەلی كوردستان ئافرەتان نموونەیەكی دیاری ئازایەتی، نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوون و، شان بە شانی برا، باوك و ئەندامانی دیكەی خێزانەكانیان لە سەنگەری پێشەوەی خزمەتكردن، گیان بەختكردن و پارێزگاریكردن لە خاك و نیشتمان بوون.
لە دوای راپەرینی 1991 ئافرەتانی كوردستان؛ رۆڵێكی كارایان لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبووە و هەیە. توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیان رۆڵی كاریگەریی خۆیان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا بسەلمێنن. ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ئاست و رێژەی بەشداریی ئافرەتانی كوردستان لە بەڕێوەبردن و حكومرانیدا ئاماژەیەكی روونە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی باشتركردنی دۆخی ئافرەتان و بەهێزتركردنی پێگەیانە لە كۆمەڵگەدا. لێرەدا جێی خۆیەتی هەر بۆ نموونە ئاماژە بەوە بدەین، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاكانی حكومەتدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
هیوادارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لەم كۆنگرەیەدا هەڵسەنگاندنێكی باش و بابەتییانە بۆ كار و چالاكییەكانی لە ماوەی رابردوودا بكات و، سەرئەنجام نەخشەرێگە، پلان و بەرنامەی توكمە بۆ قۆناغی داهاتوو دابرێژێت و بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشخستنی خەباتی رێكخراوی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجەكانی لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی ئافرەتانی كوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا لەم سەردەمەدا.
داواكارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان رۆڵی پێشەنگی خۆیان بگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز و ژینگەپارێز و كارامە بۆ پاراستنی ئەزموون و دەستكەوتەكانمان و پێشخستنی زیاتری وڵاتەكەمان.
دەمەوێت جارێكی دیكە سوپاسی سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، د. ڤیان سلێمان و هەموو سكرتێر و سەركردایەتیی پێشووتری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بكەم و، پێتان بڵێین ئێمە رێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ خەبات و تێكۆشانی ئێوە هەبووە و هەروەها داوای بەردەوامبوون و سەركەوتن بۆ ئەندام و كادران و تێكۆشەرانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە و هیوارام لە كۆتایی ئەم كۆنگرەیە، سەركردایەتییەكی پتەو، زیرەك، خەباتكەر و تێكۆشەر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە بەم رێگە پیرۆزە بدەن و لە ئاستی داخوازییەكانی ئافرەتانی كوردستان بن.
جاریكی سوپاستان دەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازام و هیوادارم هەمیشە لە گەشەكردن و پێشكەوتندابن. ئێوە هەر سەلامەت و سەركەوتووبن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.