ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکهاتەکان: دابەشکردنی ١١ کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کارێکی ھەڵەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، لەم دیدارەدا لەگەڵ “ھەولێر” دەڵێت: لە عێراق غەدرێکی گەورە لە پێکهاتەکان کراوە، ئەگەر دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت کە سیستەمی کۆتا لە عێراق کۆتایی دێت. دەشڵێ: بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەین بە یاسای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ بکرێت و سیستەمی یەک بازنەیی پەیڕەو بکرێت و دەست لە کاروباری پێکهاتەکان وەرنەدرێت.

لە دژی پێکهاتەکان سکاڵایەک لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کراوە و بڕیارە ٢٧ـی ئەم مانگە دادگە لەوبارەیەوە کۆببێتەوە، سکاڵاکە تایبەتە بە یاسای ھەڵبژاردنەکان و کورسی کۆتای پێکھاتەکان.
ساڵی ١٩٩٢ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، ساڵی ٢٠٠٤ یاسای ھەڵبژاردن ھەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد ھەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی ھەڵبژاردن پێک بێت لابرا و ھەرێمی کوردستان ھەمووی کرایە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕایگەیاند: لە دادگەی فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمار کراوە بۆ ئەوەی بە یاسای ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ی کوردستان ھەڵبژاردنی داھاتوو بکرێت، ئەو کاتە کۆتای تورکمانی تێدا نابێت و تورکمان کە نەتەوەیەکی گرنگ و گەورەیە لە کوردستان بێبەش دەبێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، ئەو کاتە تەنیا کرستیانەکان ٥ کورسیی کۆتای ھەبوو، لێرەدا ئەمە نادادپەروەرییە بۆ پێکهاتەکان و دەستێوەردانە بۆ ئێمە وەکو پێکھاتە، بۆیە لە بنەمادا ئەو سکاڵایە ھەڵەیە لە دادگەی فیدراڵی، چونکە کۆتا تایبەت بە پێکھاتەکان و بۆ نوێنەرایەتیی پێکھاتەکانە، لە یاسای ھەرێمی کوردستان ھەیە و چەسپاوە، بۆیە ئێمە قەبووڵمان نییە.
وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕوونیشیکردەوە: داوا دەکەین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستەمی یەک بازنەیی بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو تورکمانێک لە ھەر شوێنێکی کوردستان بێت بتوانێت دەنگی خۆی بدات و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی ھەڵبژێرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: نازانین چۆن دادگەی فیدراڵی ھێشتوویەتی کۆمیسیۆن دەستێوەردان لە کاروباری پێکھاتەکاندا بکات، دەبوایە دادگەی فیدراڵی ڕاوێژی بە نوێنەرانی پێکھاتەکان کردبایە، لەبەر ئەوەی دابەشکردنی ١١ کورسیی کۆتاکان بەسەر سێ پارێزگاکەدا کارێکی ھەڵەیە، ھەروەھا ئێمە لەگەڵ دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان نین، چونکە ئەوە لەبەرژەوەندی کۆتاکاندا نییە، بۆیە ئەگەر ئەم دابەشکردنە بکرێت کاریگەری خراپی دەبێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ڕوونیکردەوە: بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەین بە یاسای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و سیستەمی یەک بازنەیی پەیڕەو بکرێت و دەست نەخرێتە کاروباری پێکھاتەکان.
سەبارەت بەوەی حکوومەتی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق لە بابەتی پێکهاتەکان، جیددی نییە تا ئێستە لە ئەنجوومەنی وەزیران نوێنەری پێکهاتەکان نییە، بەتایبەتی نوێنەری نەتەوەی تورکمان کە نەتەوەیەکی گرنگە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، گوتیشی: ئەگەر دادگەی فیدراڵی بریاریدا کورسیی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت کە سیستەمی کۆتا لە عێراق کۆتایی دێت، بۆیە بابەتی پێکھاتەکان بابەتێکی زۆر ھەستیارە و دەبێت بە ھەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.