یەکەمین کۆبوونەوەى لیژنەى یەکلایکردنەوە و چارەسەرى گرفت و کێشەکانى زەوی و زارى کشتوکاڵى و شارەوانی ئەنجامدرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.12.20، بە سەرپەرشتى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، لە دیوانى وەزارەتى شارەوانى، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیی و نەهێڵانى زێدەڕۆیی و سەرپێچى لە سەر موڵکى حکومی، لیژنەى یەکلاییکردنەوە و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى زەوی و زارى کشتوکاڵى و شارەوانی، کە بە بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە سەرۆکایەتى وەزیرى شارەوانى پێکهێنراوە، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆى ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و ڕاسپاردنى لیژنەى ناوبرا بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەى زەویی و زارى موڵکى گشتیى و پۆلێنکردنى زەوییەکانى شارەوانی و کشتوکاڵی و نیشانکردنى حەرەمى گوند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، هەروەها جەخت لە ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان بۆ سەر موڵکى گشتیى و هەموو ئەو کەس و لایەنەنانەش کرایەوە کە دەیانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەر ئەرز و موڵکى میرى.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا بۆ هەماهەنگى و هاوکارى لەگەڵ لیژنەى باڵا لە سەر ئاستى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دوو لیژنەى دیکە پێکبهێنرێت و بەوردى بەدواداچوون و دیراسەى پرسەکە بکات و لە کۆبوونەوەى داهاتوو ڕاپۆرتى خۆیان لەوبارەیەوە بخەنە ڕوو.