دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دووسایدی سپیلك – خەلیفان، ٪٧٠ كارەكانی تەواو بووە

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

دووسایدی سپیلك – خه‌لیفان، گوژمه‌ی هەشتا ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌ و ماوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ ٦٠٠ ڕۆژی كارکردنە، توانای مرۆییی ٤٦٠ كه‌سه‌ و به‌ ١٨٧ ئامێری جۆراوجۆر به‌شێوه‌ی ٢٤كاتژمێری كاری تێداده‌كرێت.

مەغدید عەریف، قایمقامی قەزای خەلیفان، دەڵێت: پرۆژەی دووسایدی سپیلك- خەلیفان، گرنگیەكی زۆری بۆ خەلیفان هەیە و ئێستا ٪٧٠ ی كارەكانی تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە قۆناغی دووەمە كە پشتێنەی خەلیفانە. پرۆژەی دووسایدی سپیلك- خەلیفان كە سۆران بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و لە لایەكی تریشەوە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە، ئەم ڕێگایە گرنگی زۆری هەیە لە بواری گەشتیاری، بازرگانی و كشتوكاڵی بۆ سنووری ئیدارەی سۆران بە گشتی و بۆ قەزای خەلیفان بە تایبەتی. درێژی ئەو ڕێگا دە كیلۆمەترە و ئێستە كاركردن تێیدا بەردەوامە و لە سەدا حەفتای كارەكانی تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە قۆناغی دووەمە پشێنەی خەلیفانە.
زیاتر ئاماژەی پێدا و گوتی: ئەم پڕۆژە لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی دانرا و ماوەی پڕۆژەكە دوو ساڵە، كۆمپانیا جێبەجێكار بیست و چوار كاتژمێر كاری تێدا دەكات و بەر لە كۆتایی بەشێكی ڕێگاكە خراوەتە خزمەتی هاووڵاتییان و بەردەوام لە لایەن تیمەكانی سەرپەرشتیاریی لە ئیدارەی سۆران و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە چاودێری دەكرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە كارەكان بەڕێوەبچن و خودی كۆمپانیا هەوڵی جیددی داوە بۆ كاركردن لەو ڕێگایەدا. درێژی ڕێگاكە دە كیلۆمەترە كە سێ ئینتەرچێنج و دوو بەرزە پردی تێدایە بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان.
لای خۆیەوە هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران دەڵێت: دوو سایدی سپیلک – خەلیفان هەنگاوی یەکەمە و لە ئایندەیەکی نزیک تەواو دەبێت، هەنگاوی دووەم تاکو زارگەلی دەبێت و هەنگاوی سێیەمیش بەرفراوانکردنی ناو گەلیی عەلی بەگە، لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانیش کە دەمانەوێت ئاستی بازرگانی تێدا بەرزبکەینەوە دەبێت بایەخ بە ڕێگاوبان و بەرفراوانبوونی ڕێگاکان بدەین.