پڕۆفیسۆر (د. جمیل عەلی سورچی):كۆلێژەكەمان پێگە و گرنگی زۆری لەسەر ئاستیزانكۆ هەیە

دیمانە: هێمن خەلیل – هه‌ولێر

كۆلێژی زانستە ئیسلامیییەكان یەكێكە لەكۆلێژەكانی زانكۆی سەلاحەدین- هەولێر، لەچەندین بەشی زانستی پێكهاتووە، مێژووی دامەزراندنی ئەم كۆلێژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004. بۆ لەنزیكەوە ئاگادابوون لێی دیدارێكمان لەگەڵ (پڕۆفیسۆر د. جەمیل عەلی سورچی ڕاگری كۆلێژی زانستە ئیسلامیەكان) كرد:

سەرەتا لەبارەی مێژووی دامەزراندنی كۆلێژەكە و بەشە زانستییەكانی ڕاگری كۆلێژ گوتی: “كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سەلاحەدین –هەولێر لە ساڵی 2004 وەك كۆلێژ دامەزراوە، كە پێشتر بەشی خوێندنی ئیسلامی لە كۆلێژی ئاداب بوو، ساڵی 1994 دامەزرابوو، دواتر بوو بە بەشێك لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، لە ئێستادا لە چوار بەشی زانستی پێك دێت:
بەشی خوێندنی ئیسلامی، بەشی شەریعە، بەشی بنەماكانی ئاین، بەشی پەروەردەی ئاینی.
هەروەها كۆلێژەكەمان خاوەنی دوو سەنتەری زانستی چالاكە كە بریتین لە:
1 – سەنتەری سەلاحەدینی ئەیوبی بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە ئیسلامییەكان.
2 – سەنتەری شێخ محمد تاهیری كوردی بۆ فێركردن و لەبەركردنی قوڕئانی پیرۆز.
ژمارەی مامۆستایان سەدو بیست و چوارە،هەروەها حەوت سەدو شەست و دوو قوتابی بكالۆریۆس بەهەر چوار بەشەوە یە .”
د. جەمیل تایبەت بەپێگە و ڕۆڵی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانەوە دەڵێ: “كۆلێژەكەمان پێگەو گرنگی زۆری هەیە لەسەر ئاستی زانكۆ و، هەروەها لە نێو دام و دەزگاكانی حكوومەتیش بە چاوێكی پڕنرخ و تایبەت تەماشا دەكرێت، چوونكە ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە ئا ڕاستە كردنی خوێندنی ئاینی لە هەرێمی كوردستان، ئێمە لێرەدا سوپاسی سەرۆكی زانكۆمان دەكەین كە گرنگی زۆر بە كۆلێژەكەمان دەدات، هەردەم هاوكارمان بووە بۆ جێبەجێكردنی پلانی زانستیمان بۆ بەرەو پێشوەبردنی كۆلێژمان.
ئینجا گرنگی كۆلێژەكەمان بۆ نێو كۆمەڵگە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە بەردەوام مامۆستای ئاینی وەك پێش نوێژ و وتارخوێن و مامۆستا و وانەبێژ بەرهەم دێنێت و سەرچاوەیەكی گەورەیە بۆ پڕكردنەوەی نوقسانی میلاك لە وەزارەتەكانی ئەوقاف و پەروەردە و قوتابخانە ناحكوومییەكان.
لێرەدا داوا دەكەین لە حكوومەتی هەرێم كە گرنگی زیاتر بەم كۆلێژە بدات، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆری مامۆستای زانا و ناودار لە سەر ئاستی هەرێم لەم كۆلێژە بوونیان هەیە و خزمەتی زۆر بە كۆمەڵگە دەكەن لە ڕێگای ئاڕاستە كردنییان بە شێوازێكی زانستی و ئەكادیمی میانڕەو بۆ دینداریكردنیان، دوور لە بیری توندڕەوی و توندئاژۆیی، كە بەردەوام بە جۆرەها ڕێگای ئەكادیمی لە نێو زانكۆ و دەرەوەی زانكۆ لە ڕێگای مینبەرو مزگەوت و دەزگاكانی ڕاگەیاندن پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵگای كوردستانی بڵاو دەكەنەوە.
هەروەك زۆرێك لە مامۆستایانمان بە شێوازی خۆبەخشی چەندین مزگەوتی گەورە بەڕێوەدەبەن لە ڕێگای پێش نوێژو وتاربێژی، بەهەمان شێواز بەشدارن لە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو سەرۆك و جێگری ئەم ئەنجوومەنە لە مامۆستایانی كۆلێژەكەمانن.
بەهەمان شێواز چەندین لە مامۆستایانمان بەشدارن لە بەڕێوەبردنی بنكەكانی لەبەركردنی قوڕئانی پیرۆز كە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینین، هه روه ك ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە چارەسەری زۆر لە كێشەكانی نێو كۆمەڵگە.
ئەمە هەمووی پێمان دەڵێت كە كۆلێژی ئێمە هەماهەنگی بەهێزی هەیە لە گەڵ وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی بۆ زیاتر خزمەتكردن بە خاك و نیشتیمان و پاراستنی كۆمەڵگە لە فیكرو ئایدیای توندڕەو.”
لەوەلامی ئەوەی تاچەند كۆلێژەكەتان خزمەتی مێژووی كوردی كردوە و زانایانی كۆنی میللەتەكەمانی ناساندوە، د. جەمیل ئاماژەیدا: “كۆلێژەكەمان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی تا ئێستاش وەك پلانێكی ستراتیژی خۆی بەردەوامە لە زیندووكردنەوەی كەلەپوری زانایانمان و ناساندنیان بە نەوەی ئێستامان، لەم پێناوەش دەیان توێژینەوەو نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرا لە كۆلێژەكەمان نووسراون لە سەر ژیان و دەستنووسی زانایانی كوردستانی بۆ ئاشناكردنی ڕۆڵەكانمان بە مێژووی كۆنی زانایانمان و ڕۆڵیان لە خزمەتكردن بە شارستانییەتی ئیسلامی و بوونی بەهێزیان لە نێو مێژووی كۆنی عێراق و جیهانی ئیسلامی.”
لەپرسیارێكی تر لە ڕاگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانمان پرسیار كرد تا چەند توێژینەوەكانی نێو كۆلێژتان دەتوانن چارەسەر بۆ كێشەكانی كۆمەڵگا بدۆزنەوە؟ لەوەڵامدا گوتی: “دیراسەكردن و باس كردن لە بابەتە هەنوكەیەكانی پەیوەست بە ژیانی موسڵمانان بە تایبەت موسڵمانانی كوردستان پشكی شێریان هەیە لە توێژینەوەكانی ناو كۆلێژمان، بەدڵنیاییەوە لەهەموو توێژینەوەكان چارەسەری گونجاو و شەرعی بۆ كێشەكان دەستنیشان دەكرێن و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێن.
هەروەك لە كۆلێژەكەمان چەندین یاسای پەڕلەمانی توێژینەوەیان لەسەر كراوە لە ڕێگای نامەی ماسته ر و تێزی دكتۆرا بۆ ئەوەی بتوانین ڕاسپاردەكان بدەین بە پەڕلەمانی كوردستان و بتوانن لە هەمواركردنەوەكان سوودی لێوەربگرن.”
لەپرسیاری ئەوەی تاچەند لە كۆلێژەكەتان سمینارو كۆنفرانسی زانستی دەبەسترێت ؟ دكتۆر دەڵێ: “كۆلێژەكەمان ساڵانە چەندین سیمینار و پانێل و سیمپۆزیۆم و كۆنفڕانس لە سەر بابەتە ئاینییەكانی پەیوەست بە ژیانی كوردستانیان دەكات، دەرەنجام و ڕاسپاردەكان ئاڕاستەی شوێنی پەیوەندیداردەكات؛ بۆ ئەوەی بتوانن كاری لەسەر بكەن بۆ سوودی خەڵكی خۆمان، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی تا ئێستا دەیان چالاكی زانستی لەم جۆرە ئەنجام دراون و لە دەزگاكانی راگەیاندنیش پەخش كراون.”
سەبارەت بەباڵەخانەی كۆلێژ دكتۆر جەمیل دەڵێ: “لە ئێستادا ئێمە لە نێو باڵەخانەیه ك داین كە سەرەتای دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی حەفتاكان كە یەكەمجار بۆ پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان دروستكرابوو، لە ئێستادا شوێنمان زۆرباش نییە بە حوكمی ئەوەی كە شایەنی ئه وه ی نییە بۆ گەورەیی و پێگەی كۆلێژەكەمان.
هەروەها شوێنەكەشی كە لە جەرگەی شارەو و نزیك بازاڕی شێخەلایە گونجاو نییە بۆ كۆلێژمان، لەبەر بوونی زۆری قوتابییانی خوێندنی بەرایی و باڵا تا ڕادەیەك گرفتی كەمی هۆڵی خوێندنمان هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا بە هاوكاری خێرخوازان و پاڵپشتی حكومەتی هەورێم و سەرۆكایەتی زانكۆمان لە ئێستادا باڵەخانەی نوێی كۆلێژەكەمان كە –بەسوپاسەوە- لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی دەوڵەتی كوەیتی بەسەرپەرشتی دەزگای خێرخوازی بارزانی دروستدەكرێت لە قۆناغی كۆتاییدایە، پاش ماوەیەكیتر بە ئیزنی خوا ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی كۆلێژەكەمان ببێت بە خاوەنی باڵەخانەیەكی شایەن بەخۆی و بتوانین لەوێدا خزمەتی زیاتر بە ئاین و خەڵك وخاكی خۆمان بكەین، پێمان وایە ئەو كات كێشەی هۆڵی خوێندن و ژووری مامۆستایان و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێل نامێنێت و دەبین بە خاوەن شوێنێكی باش و باڵەخانە و پەرتوكخانەو وهۆڵی كۆنفڕانسی مۆدێرن و هاوچەرخ.”
بە وپێیەی د. جەمیل سورچی ماوەی چەند مانگێكە پۆستی ڕاگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان وەرگرتووە، بۆیە پلان و بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو لەبارەی پلان و بەرنامەی ئاماژەیدا: “ئێمە پلانی بەردەواممان هەیە بۆ بەرەو پێشوەبردنی كۆلێژمان لە گرنگی دان بە پڕۆگرامی خوێندن و كردنەوەی ئەو بەشانەی كە كۆمەڵگە و دیراسات و خوێندنی ئاینی پێویستیان پێی هەبێت، وەك بەشی تایبەت بە بانگخوازی و وتاربێژی و فیكرو بەراوردی ئاینەكان ئابوری ئیسلامی و هەر بەشێك كە كۆمەڵگە لە داهاتوو پێویستی پێی هەبێت.
هەروەها ئێمە تموحی گەورەمان هەیە كە كۆلێژەكەمان ببێت بە مەركەزێكی زانستی و مەعریفی گەورە لە ناوچەكە كە قوتابییەكانی ولاتانی تری ئیسلامی ڕووی تێبكەن بۆ خوێندن بە تایبەت بۆ خوێندنی باڵا، بەشێوازێك كە بتوانین بە نێو دەوڵەتی بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەم كە پلانیان هەبێت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئەوەی بتوانین خەڵكی دەرەوەی هەرێم و عێراق ڕوو لە زانكۆكانمان بكەن و خوێندنیان بگات بەو ئاستە بەرزە كە جێگای تموحی قوتابییانی دەرەوە بن و خوێندن لە كوردستانمان ببێت بەنێو دەوڵەتی ئەمەش پێگەی هەرێمەكەمان زیاتر بەهێز دەكات و پەیوەندییەكانمان لە ڕووی زانستی و سیاسییەوە بەهێزتر و فراوانتر دەكات.
هەروەها پلانی كردنەوەی گۆڤاری زانستی تایبەت بە زانستە ئیسلامییەكانمان هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایان و توێژەران بتوانن زیاتر لە ڕێگای ئەم گۆڤارەوە توێژینەوەی زانستی تایبەت بە زانستە ئیسلامییەكان بڵاوبكەنەوە.
هەروەها دەمانەوێت پسپۆری وردی زیاتر لە خوێندنی باڵا بكەینەوەو گرنگی زیاتری پێبدەین و كار لەسەر پاراستنی كوالیتی خوێندن بكەین لە كۆلێژەكەمان.
لە كۆتاییدا زۆر سوپاستان دەكەم كە ئەم دەرفەتەتان بۆ ئێمە ڕەخساند بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگای رۆژنامەی ئێوەوە زیاتر كۆلێژەكەمان بە كۆمەڵگەی خۆمان بناسێنین.”