سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق کرد

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازی و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی لەهەرێمی کوردستان زامنی سەرکەوتن و پێشخستنی هەرێمی کوردستانە لەئایندەدا، ئەم وتانەی سەرۆکی ئەرکان لەمیانەی پێشوازیکرن لەجەنەڕاڵ نیکۆلا پیاسێنتێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق و بەڕێز میکێلی کامێرۆتا کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان بوو.
ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لە شاندێکی سەربازی هێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ نیکۆلا پیاسێنتێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق و شاندێکی یاوەریکرد.

لەدیدارێکدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگی وپەیوەندییەکانی وەزارەت و بەرپرسی تیمی کوردستان لە گروپی ڕاوێژکارانی فرەنەتەوەیی ناسراو بە(MNAG) ئامادەیبوو، پەڕەپێدانی پەیوەندییەکان و کارەکانی داهاتووی هێزەکانی ناتۆ و تیمی سەربازی سوپای ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان خرایە بەرباس، هاوکات تیشک خرایە سەر بەردەوامیدان بە مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی خول لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە وڵاتی ئیتاڵیا،سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا وڵاتانی هاوپەیمان لە نێویاندا وڵاتی ئیتاڵیا لەماوەی رابردوو لەرێگەی ڕاوێژکارەکانیەوە لەهاوپەیمانیەتی نێوودەوڵەتی دژی داعش هاوکار بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا، ئەم هەنگاوەی وڵاتانی هاوپەیمانیش وادەخوازێت خێراتر کاربکرێت بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان بۆ ژێر بریار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات سەرۆکی ئەرکان راشیگەیاند: قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاری زیاتری دۆستانمان لەهاوپەیمانیەتی نێوودەوڵەتی هەیە بۆ بنیاد نانی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازی و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پابەند بەدسپلینە سەربازییەکان لەهەرێمی کوردستان، چونکە ئەم خواستەمان ستراتیژیەتێکی گشتگیری هەموو هێزو لایەنەکانە و خواستی لە مێژینەی گەلەکەمانە کە زامنی پێشخستن و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە.

جەنەڕاڵ نیکۆلا پیاسێنتێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ رایگەیاند: وەک بەشێک لەئەرکی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە، هاوکات خۆشحاڵی خۆشی لە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ریفۆرم دەربڕی و

.

دووپاتیکردەوە: کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لەڕاوێژ پێدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبواری مەشق و راهێنان، هاوکات کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان بەگرنگیەوە لەپەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانیان ڕوانی و خوازیاری فراونکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان