سەنگەر کانەبی: عەرەبەكانی مەخموور گوتیان قەرزاری سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەین و دەنگیان بە پارتی دا

دوێنێ 18ی دیسێمبەری 2023، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە چوو كە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی لە ناوچە كوردستانییەكان دەنگێكی بەرچاو بهێنێت، لەم نێوەندەشدا دەیان هەزار دەنگی لە سنووری شارۆچكەی مەخموور بەدەست هێنا.

لەمبارەیەوە سەنگەر کانەبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: ”پارتی لە سنووری قەزای مەخموور بە گشتی، هەروەها لە هەرسێ ناحیەی (قەراج، کەندێناوە و گوێڕ)، تێکەڵاوی و نزیکایەتییەكی زۆر باشی لەگەڵ پێکهاتەکان و بە تایبەتیش عەرەب هەیە. لێرە عەرەب و کاکەییەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆرینەیان دەنگیان بە لیستی پارتی بەخشیوە. لە سەردان و دیدارەکانمان پێیان گوتین، کە قەرزاری جەنابی سەرۆک بارزانین، جەنابیان و پێشمەرگە سنوورەکەیان بە خوێن پاراستین، ئەمڕۆ بە دەنگەکانمان وەفایان دەدەینەوە”.

ڕوونیشی كردەوە: ”هەڵوێستی جەنابی سەرۆک بارزانی و نزیکایەتیی پارتی لە پێكهاتەكان وای کردووە، کە عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە متمانە بە پارتی بکەن و دەنگی پێ بدەن، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش روونە و سەرکەوتنێکی گەورە و رێژەیەکی زۆری دەنگەکان دێنین، چونکە بە ژمارەیەکی زۆر جیاوازیمان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە سنوورەکەدا هەیە.“

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت: ”پێکەوەژیان لەم سنوورەدا ریشەیەکی دوور و قووڵی هەیە، برا عەرەبەکانی ئەم سنوورە هاوردە نین، بەڵكوو دانیشتووی رەسەنن و لەگەڵ باب و باپیرانمان لێرە بە ئاشتییانە و خۆشی پێکەوە ژیاون، پارتی لە سنوورەکەدا جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکان ناکات، بۆیە بەوپەڕی دڵگەرمییەوە ئەوانیش لە چالاکییەکانمان بەشدار دەبن، دێنە بارەگاکانمان.“

سەبارەت بە رێژەی کورسییەکان لە سنوورەکەدا، سەنگەر کانەبی ئاشکرای کرد: ”هەموو نەینەوا یەک بازنەیە، بۆیە تا هەموو داتاکان کۆ نەکرێتەوە، ژمارەی دەنگدەر و دەنگ نەدەر یەکلایی نەکرێتەوە، دیار نابێت، بەڵام ئەوەی روونە پارتی لێرە زۆرترین دەنگی هێناوە و کورسیی زۆر حاسڵ دەکات.“