کونسوڵی فەرەنسا: هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی پێکەوەژییان

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “لە کاتێکدا هێشتا تاریکپەرستی هەڕەشەیە بۆسەر مرۆڤایەتی، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتە شوێنی پێکەوەژییان”.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد؛ لەگەڵ وارشین سلێمان، قائیمقامی قەزاکە کۆبووەوە و تاوتوێی نووژەنکردنەوەی قوتابخانەی مێژوویی “قەبەهان”ـیان کرد.

کونسوڵی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، “هەرێمی کوردستان و ئامێدی شوێنی پێکەوەژیانن، هەرچەندە تاریکپەرستی و توندڕەوی هێشتا هەڕەشەن بۆسەر مرۆڤایەتی”.

یان برێم گوتی، “شارەزاییەکانمان لەپاراستنی شوێنەوارەکان وایکردووە لە چەندین ناوچەی جیهان، لەناویشیاندا هەرێمی کوردستان پرۆژەی تایبەتمان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان هەبێت، کە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان”.

وەکو ئەوەی یان برێم باسی کرد، فەرەنسا لە داهاتووشدا پرۆژەی دیکەی بۆ ناوچەکە  دەبێت، “لەرێگەی ئەو پرۆژانەوە گرنگی بەپێکەوەژیانی ئاشتیانە دەدەین”.

یان برێم ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ وەکو کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە جێگەی ئۆلیڤییێ دیكۆتینی دەستبەکاربوو.