لە کوردستان 178 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی سزا دراون؛ “وەزیریش لەنێویاندا بووە”

دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان رایدەگەنێت، “لە ساڵی 2023، هەزار و 10 دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و 230 دۆسیە ڕەوانەی دادگا کراون. هاوكات پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە بەشێكی كەیسەكاندا بەردەوامە”.

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: “لە ساڵی 2023، هەزار و 10 دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و 230 دۆسیە ڕەوانەی دادگا کراون، لە ماوەی پێنج ساڵیشدا، 897 دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا تایبەتەکان کراون.”

سەرۆكی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “لە دوای دەرکردنی یاسای چاکسازی؛ 178 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی سزا دراون كە هاووڵاتی تا پلەی وەزیری تێدا بووە. لە ساڵی 2019-2023 پێشكەوتنێكی زۆر باش لە دژایەتیكردنی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە هەبووە؛ لەو ماوەیەدا چوار ڕاپۆرتی وردمان داوەتە لیژنەی باڵای چاكسازی و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بەردەوامە.”

بە گوتەی د. ئەحمەد ئەنوەر:”لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون پێویستییان بە هاوكاریی داواكاری گشتی و فەرمانگەی یاسایی و وەزارەتەكان هەبووە، بۆیە ئەو لایەنانەش كەموكورتییان نەنواندووە و بەدەم جێبەجێكردنی پرۆسەی دژایەتیكردنی گەندەڵییەوە هاتوون.”

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەكەم بنەمای كارنامەی خۆیدا، ئاماژەی بە چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وەكو یەكێك لە پرەنسیپەكانی حوكمڕانیی باش كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی بەردەوامی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی داوە و پرۆسەكەش بەردەوامە.

سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری