بەشیر محیەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان: پەکەکە ڕێگرە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەندێک گـــــوند

شەڕی پەکەکە و تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان تادێت زیاتر کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەردەکەون، بەھۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی ھەشت سەد گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری ھەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵیی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە. بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، دەڵێت: بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە خەڵک بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆیان، ھەر بۆ ئەو مەبەستە دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو گوندێک درێژکردووە.

ڕۆژانە لەبەر چەکدارانی پەکەکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، بەوەش زیانێکی زۆر بە ناوچە سنوورییەکان کەوتووە، جگە لەوەی ساڵانە خەڵکێکی زۆر شەھید و بریندار دەبێت.
ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە تا ئێستە بەردەوامە کە ئەو ڕێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە چل ھەزار کەس کوژراون.
چەندین ساڵە سوپای تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە و ڕێکخراوە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لەناو خاکی عێراق و سووریا دەکات و بانگەشەی ئەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی و سنوورەکانی بەردەوام دەبێت لە بەگژداچوونەوەی ئەو گروپانە.
بەشیر محیەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، دەڵێت: وڵاتژێری چەند گوندێک لە خۆ دەگرێت، دە گوند لەوانە لەبەر چەکدارانی پەکەکە چۆڵکراون و خەڵکەکەی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی وڵاتژێری نیشتەجێ کراون، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دابین کردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، دەشڵێ: بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە خەڵک بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆیان و گوندەکان ئاوەدان بکاتەوە، ئەو گوندانەی لەبەر پەکەکە چۆڵکراون، حکوومەت ئاوەدانیانی کردەوە، پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانە دابین کران، بەڵام لەبەر پەکەکە نەک خەڵک نەیانتوانی بگەڕێتەوە، بەڵکو خەڵکی ئەو گوندانە، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد و ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوون.
بەشیر محیەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، ئاشکراشی کرد: خەڵکی ئەو گوندانەی لەبەر پەکەکە چۆڵکراون زۆربەیان بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریک بوون، لە ھەمان کاتدا لەو گوندانەدا دەیان شوێنی گەشتیاری و مێژوویی ھەن، ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان بوونایە، دەبوونە خێر و بەرەکەت بۆ خەڵکی ناوچەکە و ساڵانەش گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکرد.