کاتی ئەوەیە هێزە کوردستانییەکان بە گوتارێکی نەتەوەیی کورسییەکانیان یەک بخەن

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و ئەوەی ماوەتەوە ڕاگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامە بەراییەکانی ڕادەگەیەنرێت و سەنگ و پێگەی حزب و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەردەخات. هەنگاوی گرنگ بۆ هێزە کوردستانییەکان ئەوەیە ڕەکابەریی ڕابردوو بەلاوە بنێن و بە گوتارێکی نەتەوەیی کورسی و دەستکەوتەکانیان بخەنە سەر یەک و لە دامەزراندنی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکان ڕۆڵی خۆیان بەرجەستە بکەن.

بایەخی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کورد لەو ناوچانە بوو کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یا سنووری مادەی سەد و چلی دەستووری ناسراون و لە نێو ئەو ناوچانەش کەرکووک گرنگترینیان بوو.
پێش هەڵبژاردن چاوەڕوانییەکان لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوە بوو بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و هەرچەندە فرە لیستی بووە هۆی ئەوەی دەنگێکی زۆری کورد بفەوتێت بەڵام دیسان گەرمبوونی ڕکابەریی هەڵبژادن هۆکار بوو لەوەی کورد بە ڕێژەیەکی بەرز بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بکەن.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ڕاستیدا بۆ مەبەستی دیاریکردنی پارێزگار و ئیدارەدانی شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە و دامەزراندنی حکوومەتی خۆجێییە کە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاکە، هاوشێوەی پەرلەمانێکی خۆجێیی چاودێری دەکرێت و ڕۆڵ و پێگە و دەسەڵاتی دیاریکراوی خۆی هەیە. جگە لەمە بایەخی ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد لە کەرکووک دووبارە سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکووکە.
ئەگەر پێشی هەڵبژاردن کورد یەکی نەگرت و بە پەرتەوازەیی بەشداری لە هەڵبژاردن کرد، ئەوا بۆ کورد زۆر گرنگ و چارەنووسسازە لە دوای هەڵبژاردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵداتەوە و ئەو کورسییانەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە پارێزگاکان دەستەبەریان کردووە ببنە یەک فراکسیۆن و بەیەکەوە بە دەنگێکی بەهێز و بەگوڕی کوردانە لە دامەزراندنی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی سنووری مادەی سەد و چل بە گشتی و پارێزگای کەرکووک بە تایبەتی ڕۆڵ بگێڕن.
ئەو لیستانە تەنیا بە کۆکردنەوەی کورسی و نوێنەرە کوردەکان نەوەستن بەڵکوو ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی سەرنجی نوێنەری پێکهاتەکانی تریش بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ کە کورد لە کەرکووک لە چوارچێوەی لیستی برایەتی زۆرینەی کورسییەکانی کەرکووکی بردەوە، خۆی لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرجەم بەرپرسانی ئیداری پارێزگاکە لە سەرۆک شارەوانییە بگرە تا دەگاتە قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاسایش ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت و کەرکووک وەک ئەوە وابوو بە هەرێمی کوردستان لکابێتەوە، بەڵام بە داخەوە ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕیسەکەی لە کورد کردەوە خوری و زیانێکی زۆر بەر پێگە و دەسەڵاتی کورد لەو شارە گەیاند.
باشترین و بەهێزترین ئامراز کە لەم سەردەمەدا کورد هاوشێوەی چەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەوا مێژووییەکانی بەکاری بێنێت، دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنە و کاتێک کورد لە پارێزگایەک زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستەوە بێ، ئەوا خۆی خاوەندارێتی لە حکوومەتی خۆجێیی دەکات. ئەزموونی نوێنەرایەتیی کورد لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق ئەزموونێکی باش نەبووە و خەڵکی کوردستان ئەو چاوەڕوانییەیان لە هێزە کوردییەکان هەیە ئەو ئەزموونە لە حکوومەتە خۆجێییەکان دووبارە نەکەنەوە.
دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند کە بە گوێرەی یاسا بیست و چوار سەعات دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی ڕادەگەیەنن و بەو پێیە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دەبێت دەرەنجامی سەرەتایی ئاشکرا بکرێن. پتر لە پازدە ملیۆن کەس مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی هەبوو و دووسەد و هەشتا و پێنج کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکلایی دەبنەوە کە حەفتا و پێنج کورسی بۆ ژنانە و دە کورسی بۆ پێکهاتەکان وەک کۆتا دەستنیشان کراون.