دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ پێنج ملیار دینار، دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ پێنج ملیار دینار، دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری (قیرتاوكردنی شه‌قام) له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن و دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی پێویستی به‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك دا، له‌وكاته‌وه‌ پرۆسه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك له‌ شاری هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و له‌ قۆناغێكی نوێدا ڕۆنان و دروستكردنی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك ده‌ستی پێكردوە، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ڕۆنانی شاقامه‌كانی سی مه‌تری و بیست مه‌تری و پانزه‌ مه‌تری و دوازده‌ مه‌تری.
ڕۆنانی ئه‌و شه‌قامانه‌ی هه‌شتی حه‌سارۆك به‌ گوژمه‌ی چوار ملیار و شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌ش ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت و وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م به‌ گوژمه‌ی هه‌شت سه‌د و هه‌شتا و دوو ملیۆن دینار كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت و پێشتریش له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دیكه‌ له‌و گه‌ڕه‌كه‌ جێبه‌جێ كراون.
له‌وانه‌ پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی شه‌ست مه‌تری و دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی به‌ درێژایی سێ كیلۆمه‌تر و به‌گوژمه‌ی حه‌وت ملیار و پێنج سه‌د و نه‌وه‌د و چوار ملیۆن و دوو سه‌د و په‌نجا و پێنج هه‌زار دینار.
بنیاتنانی شه‌قامێكی سه‌د مه‌تری له‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك و پێنجی حه‌سارۆك به‌ درێژایی دوو كیلۆمه‌تر به‌ تێچووی ملیارێك و حه‌فتا و چوار ملیۆن دینار، به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و چل و هه‌شت ملیۆن و نۆ سه‌د و چل و حه‌وت هه‌زار دینار، پڕۆژه‌ی خۆڵكاری بۆ سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كانی چل مه‌تری و شه‌شت مه‌تری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی هه‌ولێر جێبه‌جێكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش به‌ گوژمه‌ی سه‌د و هه‌شتا ملیۆن دینار، پێشتر پڕۆژه‌ی دیزاین و ڕووپێوی بۆ سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كانی كراوه‌.
گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك له‌ شاری هه‌وێر ساڵانێكه‌ به‌سه‌ر كه‌سانی شایسته‌ له‌ چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دابه‌ش كراوه‌، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی و درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی، گه‌یاندنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی شاری هه‌ولێر دواخست.
هاوكات له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا و له‌ فه‌رمانێكی وه‌زاریدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی دوو سه‌د و په‌نجا و چوار ملیۆن و شه‌ش سه‌د و بیست هه‌زار دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری (قیرتاوكردنی چه‌ند كۆڵانێكی گه‌ڕه‌كی ئه‌ندازیاری) له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌.
وه‌ك له‌ فه‌رمانه‌ وه‌زارییه‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌و گوژمه‌یه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ خه‌رج ده‌كرێت، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌ویی ڕوكنی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی چه‌ند كۆڵانێك له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌ندازیاران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی دراوه‌.