دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیی پارتى پێشوازی لە مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتیى ئافرەتانى کوردستان ‌کرد

دوێنێ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ پیرمام، بەرپرس و هەڤاڵانى دەستەى كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازییان له‌ سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان، كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ بەرپرسى بەشى ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکانى پارتیش ئاماده‌ی بوو، فازڵ میرانی بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى وێڕای به‌خێرهێنانی ئامادەبووان، تیشکى خستە سەر مێژوو و خەباتى ڕێکخراوى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان وەکو دێرینترین ڕێکخراو و، گرنگى و کاریگەرى ئافرەتانى لە قۆناغە جیاجیاکانى خەباتى ڕزگاریخوازى نەتەوەیی و نیشتمانیماندا خستە ڕوو.
فازڵ میرانى، ئاماژەى بە ڕۆڵى یەکێتى ئافرەتان کرد لە پێگەیاندنى دەیان ئافرەتى سەرکردە و دڵسۆز بۆ جومگە کاریگەرەکانى ناو حزب و حکوومەت و دامەزراوەکانى دیکە و، هاوکات پێگەى ئافرەتانى کوردستانى بەرز نرخان وەکو دایک و خوشکى پێشمەرگە و، وەکو مامۆستایەکیش بۆ پێگەیاندنى نەوە لە دواى نەوەى کوردستان و گۆشکردنى ڕۆڵەکانمان بە هەستى نەتەوەیى و نیشتمان پەروەرى و خوشەویستى خاک و نیشتمان.
لەبەرامبەردا، سکرتێرى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان سوپاس و پێزانینى خۆى و هەڤاڵانى مەکتەبى سکرتاریەتى بە دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و پارتیى دیموکراتى کوردستان ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتى بەردەوامیان لە یەکێتى ئافرەتان و پلان و بەرنامەکانى ئەو ڕێکخراوە بۆ خزمەتکردنى توێژى گرنگى ئافرەتانى کوردستان و، پاڵپشتى جەنابى سەرۆک بارزانى و جێگرانى سەرۆک و پارتى و بەرگریکردنى بەردەوامیان لە ماف و هێنانەدى خواست و داواکاریەکانى ئافرەتان و دایکانى کوردستان، بە گرنگ و جێگاى شانازى باسکرد.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ئامادەکاریەکانى ئەنجامدانى نۆیەمین کۆنگرەى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان کرا و ڕێنمایى و ڕاسپاردەکانى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى بۆ نوێکردنەوە و پێشخستنى ڕێکخراوەکە لە هەموو ڕوویەکەوە کە وەڵامدەرەوەى خواست و ویستى ئافرەتانى کوردستان و گۆڕانکاریەکانى قۆناغەکەبێت، خرانەڕوو.
لە کۆتایدا فازڵ میرانى سوپاس و پێزانینى خۆى و مەکتەبى سیاسى بە سکرتێر و ئەندامانى سکرتاریەت و سەرجەم کادر و ئەندامانى یەکێتى ئافرەتان ڕاگەیاند کە توانیویانە لە ماوەى ڕابردوودا ئەرکەکانى سەرشانیان بە باشى بەجێبگەیەنن و هیواى خواست کە کۆنگرەى نۆیەم بە سەرکەوتوویى ئەنجامبدرێت و ببێتە وێستگەیەکى دیکەى گرنگى ئەو ڕێکخراوە تێکۆشەرە و هێز و توانایەکى دیکە بە کادران و خۆبەخشانى ڕێکخراوەکە ببەخشێت لە پێناو خزمەتى زیاتى ئافرەتانى کوردستان کە شایەنى زۆرترین خزمەتن.