سەبارەت بە ڕێورەسمى کریسمس و شەوى سەرى ساڵ، بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.18، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانى ماڵئاواییکردن لە 2023 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قائیمقامى ناوەند و قائیمقامى عەنکاوە و بەڕێوەبەرایەتیەکانى گشتیى گەشت و گوزار و تەندروستى و بەڕیوەبەرانى هێزەکانى ناوخۆ و زێرەڤانى ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بەوەدا، بەهۆى کارەساتى قەزای حەمدانیە و ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکى شارى سۆران، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەکى دیکەیش بریندار بوون، بۆ ڕێزلێگرتن لە گیانى قوربانیان و کەس و کاریان، ئێمە وەک پارێزگاى هەولێر هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکى فەرمى تایبەت بە سەرى ساڵى نوێ ئەنجامنادەین، بەڵام هاوڵاتییان و هۆڵەکانى بۆنە و ئاهەنگەکان و ئوتێل و شوێنە گەشتیارییەکان ئازادن لە سازکردنى ئاهەنگ.

پاشان لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی، ئەرک بەسەر تەواوى هێزە ئەمنییەكان (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن دابەشکرا، هەروەها پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزار و ئاسایشى بازگەکان کردەوە، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بەخۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى ترەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، ئاسانکاریان پێشکەش بکەن.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى دیاردەى سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتیەکان، جەخت لە ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوى ناو کۆمەڵگە کرایەوە کە کەسانێک خویان پێوە گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر قائیمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بەپێى یاسا و ڕێسا بەرکارەکان بۆ نەهێلانى دیاردەى سواڵکردن بە هاوکارى هێزەکانى ناوخۆ بەردەوام بن لە دەستگیرکردنى هەموو ئەو کەسانەى سواڵ دەکەن و ئەوانەشى لە پشتى ئەوانەوەن.

پارێزگارى هەولێر هەروەها لە بارەى رێوشوێنە ئەمنییەکان و ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانى زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان، جەختى لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە هەفتەى داهاتوودا دواى ئەوەى پشووى سەرى ساڵ دەست پێدەکات نابێت ڕێگە بدرێ و بهێڵدرێت هیچ کەس و لایەنێک بە قۆستنەوەى ئەو ڕۆژانە و دەرفەت وەرگرتن لە ڕۆژانى پشوو لە سەر موڵکى گشتیى زێدەڕۆیی و سەرپێچى ئەنجامبدات، هەرکەس و لایەنێک ئەوکارەبکات بە توندترین شوێوە سزابدرێت.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، ویڕای دەستخۆشی لەهێزە ئەمنیەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، دڵنیایى بە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختدا، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشى لە هاوڵاتییان کرد وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى هێزەکانى ناوخۆ بن.

جێگەى باسە، ساڵانە لە هەولێری پایتەخت هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەست دەکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ شەوى سەرى ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و لەلایەن کەرتى تایبەتەوە فیستیڤاڵ و ئاهەنگى فراوانى جەماوەرى ئەنجامدەدرێت، بەهۆى ئەو ئارامى و ئاسایشەى لە هەرێمى کوردستانیش بەرقەرارە ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانى ناوەڕاست و خواروى عێراق و تەنانەت لە وڵاتانى تریشەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، لە هەموو ساڵێکیشدا ئیدارەى خۆجێیى هەولێر، قەڵای مێژوویی هەولێر و باخی شار و زۆربەی شوێنە گشتییەکانی ترى شارى هەولێر بەمبۆنەیەوە دەڕازێنێتەوە، کە لە شەواندا جگە لە نیشاندانى جوانی پایتەخت و ئاسایش و ئارامی هەولێر، سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.