سەربەست لەزگین: دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە ئاشتەوایی و یەکڕیزی

به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی هه‌ولێری پارتی دیموکراتی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌نگدان به‌ لیستی پارتی ده‌نگدانه‌ به‌ ئاشته‌وایی و یه‌كڕیزیی.
سه‌ربه‌ست له‌زگین، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی هه‌ولێری پارتی، له‌ پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕایگه‌یاند، تاوەکوو ئێستا ڕێژەی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەو ڕێژەیە نییە کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین، بەڵکوو چاوەڕێی زیاتر ده‌كه‌ین.
گوتیشی، لە ناوچەی سەرگەڕان ئامێرەکانی دەنگدان لەکار کەوتوون و نزیکەی سێ کاتژمێری پێویست بووە تا پرۆسەکە بەڕێوە چووە. 
ئه‌و به‌رپرسه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، هێشتا لێرەولەوێ گرفت هەیە، بەڵام گرفتەکان نەبوونەتە هۆی ڕێگریکردن لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکان.
ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، لای خه‌ڵك ئه‌و ڕاستییه‌ ڕوونه‌ کە پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزەرەی مافەکانیانە و هەمووان بەیەکەوە دەتوانن لەژێر چەتری ئەو ئاشتەواییەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێبەرایەتی دەکات بتوانن بەردەوام بن، کە دەبێتە هۆی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانه‌ و گەشەپێدان و ئاوەدانی، بۆیە پێویستە هەموو کورد و هەموو خەڵکی کوردستانیش دەنگ بە بەربژێر و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن .