ئومێد سەباح: بە دەنگدان چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکەنەوە

ئومێد سەباح داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکات، بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن و بە دەنگەکانیان چارەنووسی شارەکە یەکلایی بکەنەوە.

ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا کرد و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “پێش هەموو شتێک تەمەنا دەکەم پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت، داواش لە هەموو کوردستانیانی کەرکووک دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان چارەنووسی شارەکەیان یەکلایی بکەنەوە، ئومێد دەکەم ئەو زوڵم و ستەمەی هەبووە بە هیمەتی هەموو لایەک کۆتایی پێدێت”.

سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، رایگەیاند: “بێگومان گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە دەبێتە مایەی خێر و خۆشی هەموو خەڵکی کەرکووک، بەڵێنیش بە خەڵک دەدەین خزمەتکاریان دەبین”.

راشیگەیاند: “ئومێد دەکەم کوردستانییەکی کەرکووکی ببێتە پارێزگاری کەرکووک و کار بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بکات، چونکە کەرکووک شاری پێکەوەژیانە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “دوای هەڵبژاردنەکان بۆ دانانی پارێزگار لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆدا دەبین”.

ئومێد سەباح لەبارەی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا، گوتی: “تاکە رێگە بۆ چارەسەری گرفتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دووبارە هەناردە کردنەوەی نەوت، هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراقە، بۆ ئەو مەبەستە چەند کۆبوونەوەیەکمان کردووە و بڕیار وایە بگەینە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە، بەمەش ئەو کێشانەی لە ساڵی رابردوو هەمان بووە چارەسەر دەبن”.