میری ئێزدییان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداریی هەڵبژاردن بکەن

میری ئێزیدییان داوا لە دەنگدەران دەکات بە جوش و خرۆشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

میر حازم میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییان، لە بنکەیەکی دەنگدانی قەزای شێخان بەشداریی لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجـوومەنی پارێزگاکانی عێراق کرد و دەنگی دا.

میری ئێزیدییان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە دەنگدەران کرد بە جوش و خرۆشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن و کاندیدی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن “بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچەکانیان بکەن لەوانەش شنگال، دەشتی نەینەوا، شێخان و ئەلقووش”.

وەکو ئەوەی میر باسی کرد، “بۆ کوردانی ئێزدی زۆر گرنگە، چونکە سەدا 80ـی کوردانی ئێزدی دانیشتووی سنووری پارێزگای نەینەوان”. گوتیشی، “بەشداریی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە”.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتی دەنگدانی گشتی بەهیچ شێوەیەک دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە درێژناکرێتەوە، چونکە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان لە دوای کاتژمێر 06:00 ئۆتۆماتیکییەن دەکوژێندرێنەوە، بۆیە ناتوانن ماوەکە درێژبکەنەوە.

جومانە غەلای داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان “نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان” بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵبژێرن. لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، گوتی، لە دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن و لەدواى 24 کاتژمێر لە داخستنى سندووقەکان، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان (گشتی و تایبەت) رادەگەیەندرێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد و بەتایبەت کەرکووکییەکان چارەنووسسازە. کوردانی ناوچە کوردستانییەکان دەیانەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەو ستەمە بهێنن کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بەسەریاندا سەپێندراوە.

هەڵبژاردنەکە چارەنووسسازە، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکی هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.