بەلجیکا 802 هەزار دۆلار دەبەخشێتە UNMAS بۆ پاککردنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین

رێکخراوی UNMAS  ی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی مەترسیەکانی مین، لە راگەیاندراوێکدا پێشوازی لەو هاوکارییە داراییەی وڵاتی بەلجیکا کردووە کە بە رێکخراوەکەی بەخشیووە لەپێناو نەهێشتنی هەڕەشەکانی مین لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

بەپێی راگەیاندراوەکەی UNMAS، ئەو پشتیوانیە داراییەی بەلجیکا لەپێناو دابینکردنی پشتیوانیی تەکنیکی راوێژکاریی قارەمانەکانی مینە، دەشڵێ: ئەوە پێنجەم جارە بەلجیکا هاوکاریی داراییان لەو پێناوەدا پێدەبەخشێ.

UNMAS ئاشکرای کردووە، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام( داعش)، ناوچە جیاوازەکانی عێراقی بە مین چاندووە و مەترسی خستۆتە سەر ژیان خەڵکی، دەشڵێ: بە پێی رووپێوێکیان لە ساڵی 2023، نزیکەی20942 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە چاندنی مین پیس و پڕ مەترسیی بوون، بەو هۆیەوە ملیۆنان هاووڵاتی ئاوارە بوون و نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزاریان لەناوخۆ دەربەدەر بوون.

ئەو رێکخراوە تایبەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاککردنەوەی مین ئاماژە بەوە دەکات، بەخشینەکەی بەلجیکا پشتیوانی لە پاککردنەوی ئەو ناوچانە دەکات کە داعش بە چاندنی مین مەترسی بۆ دروستکردوون، بۆ ئەوەی خەڵکی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی لە هەوڵێکی پەروەردەیی دەکات بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە مەترسییەکانی مین لە رێگەی پەیام و ئامرازەکانی پەیوەندی کە دەگاتە ژنان و کچان و کوڕان و پیاوان و تەواوی کۆمەڵگە لاوازەکان.

سەبارەت بە بەشدارییەکەی بەلجیکا، سێرج دیکشین، باڵیۆزی بەلجیکا گوتی:  بەلجیکا خۆشحاڵە بە بەردەوامبوونی لە پشتیوانییە درێژخایەنەکەی بۆ چاڵاکییە گرنگەکانی مین لە عێراق، راشیگەیاند: سەرەڕای پێشکەوتنێکی بەرچاو، پیسبوونی زۆربەی ناوچەکانی عێراق بە تەقەمەنی، هێشتا بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم گەڕانەوەی شکۆمەندانەی عێراقییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کە لەگەڵ هێرشەکانی داعش، لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون.

پێر لۆدهامامار، سەرۆکی بەرنامەی کاری مین لە عێراق کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە گوتی: ئەو بەخشینەی حکومەتی بەلجیکا لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، بەردەوامی دەدات بە پشتیوانیکردنی عێراق بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ عێراقییەکان و، لەپێناو ئەوەی ژیانیان بە شکۆمەندی و بێ مەترسی لە تەقینەوەکان بژین.

بە گوێره‌ی داتاکانی دەزگای گشتیی کاروباری مینی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان، دوو ملیۆن و 316 هەزار و 756 مەتر دووجا، زەوی لە مین و بۆمبی چێنراو پاککراوەتەوە.

ده‌زگای گشتی مین هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌، لە کۆی ئەو زەوییانە، 211 هەزار و 611 مەتر دووجا لە پارێزگای هەولێر، 198 هەزار و 632 مەتر دووجا لە سلێمانی، 221 هەزار و 947 مەتر دووجا لە دهۆك و 104 هەزار و پێنج مەتر دووجا لە گەرمیان پاككراونه‌ته‌وه‌.

پێستریش جەبار مستەفا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، 526 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و پاشماوەی جەنگی خاوێنکراوەنەتەوە. ئاماژەی بەوەشدابوو، حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک هاوکاری نەکردوون لە خاوێنکردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین. هاوکات گوتبووشی: لە کابینەی نۆیەمدا پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدا بووە بۆ دەزگاکەمان و، لە ئاستی ئەوەدابووە کە باس بکرێت.