یەک هەفتە مۆڵەت ماوە بۆ هەڵگرتنی زێدەڕۆییەکانی سەر کارەبا

دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی کارەبا و چۆنیەتی دابەشکردنی کارەبای شاری هەولێر و پێدانی ماوەی كارەبای نیشتمانی، سەردانی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەبای هەولێری کرد.

لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر ناوەندی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەبای بەسەرکردەوە و نزیکەوە لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکانیان و دۆخی کارەبا و دابەشکردن و پێدانی ماوەی كارەبای نیشتمانی بەشاری هەولێر و ئەو بڕە کارەبایەی دەدرێت کۆڵییەوە و دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی سەنتەری کۆنترۆڵی کارەبای هەولێری کرد.
لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەباش پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، جەختی لە بڕینی کارەبای 24 کاتژمێری سەرجەم شوێنەکان کردەوە، تەنها نەخۆشخانە، بەندیخانە، فڕۆکەخانە و خاڵی سنووری نەبێت، هەروەها ڕایگەیاند، “یەک هەفتە مۆڵەت لە بەردەم هەموو ئەو شوێن و جێگە و کەسانەی زێدەڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبا هەیە سەرپێچییەکانیان هەڵبگرن، بە پێچەوانەوە بەپێبژاردن سزا دەدرێن”.
پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: “لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە خراپی دۆخی کارەبای هەولێر و جیاوازی ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە شارەکەمان، تەئکیدمان لە نەهێڵانی ئەو جیاوازییە و پێدانی ماوەی كارەبای نیشتمانی بە شارەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یەکسانی کردۆتەوە و داوامان لە وەزارەتی كارەبا کردووە ڕەچاوی پشکی پارێزگای هەولێر لە پێدانی کارەبا بکرێت”.