ئەمڕۆ حەفتا و هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی،٢٠٢٣ حەفتا و هەشت ساڵ بەسەر هەڵکردنی یەکەم ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی پێشمەرگە تێدەپەرێت. ئەو ڕۆژە لای بەشێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە ڕۆژی پێشمەرگە ناسراوە و چواردە ساڵە لە لایەن پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان ناودێر کراوە و بۆیەش بە شکۆوە یادیان دەکرێتەوە.

ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک دوو دەستکەوت و میراتی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و تێڕوانینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا وەک دووانەی لێکدانەبڕاو و بەشێک لە جەوهەری خەباتی شوناسخوازی و ئازادیخوازی ڕێزیان لێ دەگیرێت.
لە ڕۆژی ٢٦ی سه‌رماوه‌ز کە دەکاتە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ ی زایینی، بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستان لە مەهابادی خۆرهەڵاتی کوردستان، نزیکەی مانگ و نیوێک بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان هەڵکرا. لەم ڕۆژەدا کە زیاتر لە دە هەزار کەس کۆ ببوونەوە، له‌ ڕێوڕه‌سمێکی به‌شکۆدا و بە به‌شداریی نوێنه‌رانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا.
ئەو ڕووداوە لە دواین ساڵی جەنگی دووەمی جیهانی ڕوویدا کاتێک لە ژێر کاریگەریی هێزەکانی ڕووسیا و بەریتانیا و داگیرکرانی بەشێک لە خاکی ئێران لە لایەن ئەو دوو وڵاتە، حکوومەتی ئەوکاتەی پاشایەتی ئێران بە تەواوی لاواز ببوو. دوو ڕۆژ بەر لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، خەڵکی کوردستان ئاڵای ڕژێمی پاشایەتی ئێرانیان لە بارەگاکانی حکوومەتی ئەوکات لە مەهاباد هێنابووە خوارەوە.
زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش لەم ڕۆژەدا ڕێز لە خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە دەگرن کە بەرگری لە ئاڵاکەی کردووە و بۆ شەکاوە هێشتنەوەی ئەم ئاڵایە قوربانییەکی زۆری داوە و لە درێژەدانی خەباتەکەشی لەسەر پێیە. ئەو ڕۆژە لای ئەوان بە ڕۆژی پێشمەرگە ناسراوە و دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاوێتەی ڕۆژی ئاڵایان کردووە.
ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی بە ڕۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد. ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە هەرێمی کوردستان و دام و دەزگا فەرمییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە و ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگرن.
جگە لە بەرپرسانی باڵا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و قوتابخانەکانی ناوەندە جیاوازەکان بە پەیام و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە مەزنە دەکەنەوە. ئەمڕۆ لە زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستان قوتابییان و مامۆستایان بە لەبەرکردنی جلی کوردی و جلی پێشمەرگە دەوام دەکەن و بە سروود و شانۆ و چالاکیی جۆراوجۆر نەوەی نوێ لە گەورەیی و شکۆی ئەو ڕۆژە ئاگادار دەکەنەوە و ئەوە بیری قوتابیان دەهێنرێتەوە ئەو ئاڵایەی لە سەر قوتابخانەکان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەشەکێتەوە، هەر وا لە خۆوە هەڵنەدراوە و بەرهەمی قوربانی و ماندووبوونی دەیان ساڵە و شەهیدبوونی سەدان هەزار کەسە.
ئەمڕۆ جگە لە قوتابخانەکان دامەزراوەکانی تری وەک زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوەکانی تری حکوومی و تەنانەت دامەزراوە ناحکومییەکانیش یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.
پێویستە بگوترێ هێزی پێشمەرگە بە گرنگترین هیز هەژمار دەکرێت کە ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بووە و ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان ئاوێتەی یەکتر بوون. ئاڵای کوردستان بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان و بۆیەش ڕێزگرتن لێی و بە شەکاوە هێشتنەوەی ئەو ئاڵایە بە واتای زیندووهێشتنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لێک دەدرێتەوە.
ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێت کە سبەی لە پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە و ئەو هەڵبژاردنەش بۆ کورد بە تایبەتی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زۆر گرنگ و چارەنووسسازە و بەشداری چالاکانەی خەڵک لەم هەڵبژاردنە دەتوانێت هێز و گوڕ و توانا بە کورد ببەخشێتەوە و ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بخاتەوە دەستی پەیکەری پێشمەرگە.

ھەواڵی زیاتر