هەرێمی کوردستان هاوبەشە لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

بڕیارە سبەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەسەرجەم شارەکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، شازدە ملیۆن ھاووڵاتی مافی دەنگدانیان ھەیە. کۆمیسیۆن و لایەنە ئەمنییەکان، دەڵێن، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو کراون. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، دەڵێت: ھەماھەنگی زۆر باشمان لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ھەیە و ڕێککەوتن لەسەر ھەموو شتێک کراوە.
ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی بنکەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خستەڕوو، بەپێی پلانەکە لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی کە سبەی دەکرێت، سەرجەم دەروازە سنوورییەکان کراوە دەبن و قەدەغەی ھاتووچۆش ڕاناگەیەنرێت، تەنیا لە بازگەکان ڕێگە بە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر نادرێت و لە نزیک بنکەکانی دەنگدانیش ھاتووچۆی ماتۆڕسکیل قەدەغە کراوە. ئامانج لەو پلانە ئەوەیە هاووڵاتییان بە ئاسانی بتوانن دەنگ بدەن. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم ھەماھەنگیمان کردووە بۆ سەرپەرشتیی بنکەکانی دەنگدان.
لە ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕێگە بە ھاووڵاتییان دەدرێت لە نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھاتووچۆ بکەن، بۆ ئەو مەبەستە بازگەکانی نێوانیان کراوە دەبن، ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کراوە، بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان. میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، ھەماھەنگی زۆر باشمان لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ھەولێر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر ھەموو شتێک کراوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، گوتی: بە بەشداری ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرکی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان دەستیپێکردووە، ئەو بنکانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەتایبەت ئەو ھێزە ئەمنییانەی کە سەر بە عێراقن و لە ناوچە کوردستانییەکانن و ھەماھەنگییەکی زۆر باش لەنێوان پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە.
عەبدولباست دەروێش، گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، گوتی: بۆ دەنگدانی گشتی لە پارێزگای کەرکووک کۆمیسیۆن ھەزار و ھەشت سەد و نەوەد و ھەشت وێستگەی دەنگدانی کردووەتەوە، ھاووڵاتییان دەتوانن لەو وێستگانە دەنگ بدەن، ئەوانەی کە بەشداری لەم ھەڵبژاردنەدا دەکەن ژمارەیان زیاترە لە ھەشت سەد و سێزدە ھەزار و پێنج سەد و نەوەد ھاووڵاتی.
گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، گوتیشی: متمانە دراوە بە زیاتر لە چل و شەش دەزگای ڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی ڕووماڵی پڕۆسەکە بکەن، ھەروەھا بیست و حەوت ڕێکخراویش چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.

ھەواڵی زیاتر