وەزارەتی ئەوقاف ئەنجامی تیروپشكی ناوی حاجیان بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە

 

ئەنجامی تیروپشکی ناوی حاجیان بۆ فەریزەی حەجی ساڵی 2024 بڵاوکرایەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومەرەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تیروپشکی ناوی حاجیانی بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ بڵاوکردەوە. بۆ بینی ناوەکان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: ناوی حاجییان 2024

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، شێخ نیاز نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ بەناوی ناوی یەدەگەکانیشەوە کە ساڵانی پێشتر داواکارییان پێشکەشکردبوو، 121 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ حەج داواکارییان پێشکەش کردووە، لەو ژمارەیە ناوی زیاتر لە چوار هەزار کەس دەردەچێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن.

گوتیشی: “ئەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان دەردەچێت تەنیا بۆ یەک ساڵە و وەک یەدەگ نامێننەوە بۆ ساڵی داهاتوو، چونکە  لە ساڵی داهاتوو پێشکەشکردنی ناوی حاجیان بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە ئۆنلاین”.

ئاماژەی بەوەشدا، “ژمارەی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، بەراورد بەو ژمارەیەی وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە زۆرە، بەڵام بەشێوەیەک شەفاف بە تیروپشک ناوەکان رادەکێشرێن”.

بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ چوار هەزار 685 کەس لە هەرێمی کوردستان ناویان دەگەڕێتەوە، کە ئەم ژمارەیە وەک پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ساڵی 2024 دیاریکراوە.

جگە لەو کەسانەی ئەمساڵ داواکارییان پێشکەشکردووە، پێشتر ژمارەیەکی دیکە لە ساڵانی پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کە بەهۆی کۆرۆناوە لە ساڵی 2019 نەیانتوانی حەج بکەن، ئێستا کۆی گشتی پێشکەشکارانی پرۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان 121 هەزار کەسە.