فڕۆکەکانی تورکیا سنووری گوندەکانی وڵاتژێرییان بۆردومان کرد

 

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری گوندەکانی وڵاتژێرییان لە دەڤەری بارزان بۆردومان کرد.

بەگوێرەی زانیاری دانیشتووانی ناوچەکە، رۆژی هەینی (15ـی کانوونی یەکەمی 2023) فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین جار سنووری گوندەکانی وڵاتژێرییان لە دەڤەری بارزان بۆردومان کردووە.

بۆردومانی تورکیا لە سنووری هەرێمی کوردستان بەردەوامە و رۆژی سێشەممە (5ــی ئەم مانگە) جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نزیک سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ لە قەزای ئامێدی بۆردومانکرد و بەهۆیەوە هاووڵاتییەک شەهید بوو و سێ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

چەندین ساڵە سوپای تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە و رێکخراوە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لەناو خاکی عێراق و سووریا ئەنجامدەدات و بانگەشەی ئەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی و سنوورەکانی بەردەوام دەبێت لە بەگژداچوونەوەی ئەو گرووپانە.

ئۆپەراسیۆنی ” قفڵی چنگ”ـی تورکیا لە مانگی نیسانی 2022 لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان دەستپێکرد، بە ئامانجی نەهێشتنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئەو پارتە لە سووریا و عێراق دێت.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.