گەورەترین خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەورووپا پێشکەشی ژینا ئەمینی کرا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سێشەممە، دوازدەی کانوونی یەکەم لە ڕێورەسمێکدا لە فەرەنسا گەورەترین خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا کە بە ساخارۆڤ ناسراوە، پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا. ڕێورەسمێکی گەورە بۆ بەخشینی خەڵاتەکە ڕێک خرابوو کە جگە لە سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، بەرپرسانی تری باڵای یەکێتییەکە و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەشدار بوون.

دەبوایە بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدارییان کردبا بەڵام سەرەڕای بانگهێشتی فەرمیی یەکێتییەکە لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کە لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین، کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێی پێ نەدان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکەن.
لە نۆی ئەم مانگەدا موژگان ئیفتخاری، ئه‌مجه‌د ئه‌مینی و ئه‌شكان ئه‌مینی، دایك و باوك و برای ژینا ئه‌مینی لەسەر بانگهێشتی یەکێتیی ئەوروپا، ده‌یانویست له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئیمام خومه‌ینی تاران گه‌شتێك بۆ فەره‌نسا بكه‌ن، به‌ڵام له‌ فڕۆكه‌خانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر پاسپۆرته‌كه‌یاندا گیرا و گه‌شتكردنیان لێ قه‌ده‌غه‌ كرا.
ڕۆژێک دوای ئەم ڕووداوە، باوکی ژینا ئەمینی سەردانی دادگای کردبوو و لە هۆکاری ئەو ڕێگەگرتنەی پرسیبوو بەڵام دادگا پێی گوتبوو ئەوان ئاگادار نین و دەرکەوت دەزگای ئیتڵاعاتیی ئێران ڕێی لەوە گرتووە ئەوان گەشتی ئەوروپا بکەن. باوکی ژینا بە مێدیاکانی گوتبوو کە تاوانی ئەو تەنیا ئەوەیە باوکی ژینا ئەمینییە و هیچ تاوانێکی تر شک نابات کە بەهۆیەوە ڕێ لە گەشتکردنی بگیرێ و پاسپۆرتەکەی لێ بستێنرێتەوە.
جگە لە سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتییەکە داوایان لە ئێران کردبوو بە بڕیارەکەدا بچێتەوە و ڕێ بدات ئەو بنەماڵەیە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکەن، بەڵام ئێران بەم داواکارییە ڕازی نەبوو. ساڵح نیكبه‌خت کە پارێزه‌ری بنەماڵەی ژینا ئەمینییە لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو و بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکە خەڵاتەکەی وەرگرت. ئەو لە وتارێکدا لە فەرەنسا دڵگرانیی خۆی بەرانبەر هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و ڕێنەدان بە گەشتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەربڕی و گوتی سزادان و دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت ناکرێ لەسەر تاوانێک بێ کە هێشتا ئەنجام نەدراوە و سزادان لەسەر ڕەفتارە نەک گومان.
ئەو باسی لە نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێران کرد و گوتی لە ئێران ئازادی نییە و خەڵک ناتوانن بە ئازادی هاوشێوەی ئەوروپا حزب دابمەزرێنن و ڕای خۆیان دەرببڕن و لەم ڕووەوە ستەمیان لێ دەکرێ و لەگەڵ ئەمەدا لە ژیانێکی سەختدا دەژین و لە دابینکردنی نان و خۆراکیشدا لە دۆخێکی خراپدان و خەڵک بە یەک کار ناتوانن بژێوییان دابین بکەن. هاوکات ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەو ڕێوڕەسەدا پاڵپشتیی خۆی بۆ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و خەڵکی ئێران دەربڕی و ڕای گەیاند ئەوان لە پاڵپشتییەکانیان بۆ مافی مرۆڤ و سزادانی ستەمکاران بەردەوام دەبن.
نزیكه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وروپا خه‌ڵاتی مافی مرۆڤی یه‌كێتییه‌كه‌ی پێشكه‌شی ژینا ئه‌مینی و بزووتنه‌وه‌ی “ژن، ژیان، ئازادی” كرد. خه‌ڵاتی ئازادیی بیروڕا كه‌ به‌ ساخارۆڤ ناسراوه‌، گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی یه‌كێتیی ئه‌وروپایه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌ چالاكانی مافی مرۆڤ ده‌درێت و به‌های ئه‌و خه‌ڵاته‌ش پەنجا هه‌زار یۆرۆیه‌.
له‌ سێزدەی ئه‌یلوولی ساڵی ٢٠٢٢ ژینا ئه‌مینی کچە کوردی سەقزی، كه‌ له‌گه‌ڵ براكه‌ی سه‌ردانی تارانیان كردبوو، له‌ وێستگه‌ی میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ڕه‌وشت/ئاداب ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و به‌ ئۆتۆمبێل بۆ بنكه‌ی پۆلیس گوازرایه‌وه‌، به‌ڵام وا دیاره‌ له‌ ڕێدا به‌ سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و كاتێك ده‌گاته‌ بنكه‌ی پۆلیس، له‌ هۆش خۆی ده‌چێت و دوای سێ ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، گیانی له‌ ده‌ست دا.
ئه‌و ڕووداوه‌ بووه‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی ڕاپه‌ڕینێكی گه‌وره‌ كه‌ چه‌خماخه‌كه‌ی له‌ سه‌قزی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لێ درا و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی ئێرانی ته‌نی. كۆماری ئیسلامیی ئێران بە زەبری سەرکوت و گرتنی خۆپێشاندەران و تەنانەت کوشتنی سەدان خۆپێشاندەر و دەستگیرکردنی دەیان هەزار کەس ڕاپەڕینەکەی هێور کردەوە.