ئەسما ئەمین، کاندیدی لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: پڕۆژەی پارتی بۆ خزمەتی گشت نەتەوەکانە بەبێ جیاوازی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مافپەروەر و ئەندازیار ئەسما ئەمین، کاندیدی ژمارە ٤ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: خەڵکی کەرکووک زۆر بەپەرۆشن بۆ ئەوەی ڕۆژی دەنگدان بێت و دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بدەن و لە ڕێگەی پارتی ئەو ئیدارە ناشەرعییە بۆ ئیدارەیەکی شەرعی بگۆڕن. دەشڵێ: نەک تەنیا کورد بگرە پێکھاتەکانی دیکەش پشتگیری لە پارتی دەکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پڕۆژەی پارتی بۆ خزمەتی گشت نەتەوەکانە بەبێ جیاوازی.

ئەسما ئەمین، کاندیدی لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: بانگەشە بۆ لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک زۆر باش بەڕێوە دەچێت، بەردەوام لە ناو خەڵکداین و پێشوازییەکی زۆر باشمان لێ دەکەن و پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دەکەن، چونکە سەرەتا بەو شێوەیە نەبوو، خەڵک ھەندێک بێ ھیوا بوو، ئێستە خەڵک بە ورەیەکی بەرزەوە دەیانەوێت بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە کاندیدانی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
ئەو کاندیدە، دەشڵێ: تا دێت ئاستی جەماوەری پارتی لە شاری کەرکووک فراوان دەبێت، پارتی لە ڕۆژی ١٨ی مانگ قسەی خۆی دەکات لە شارەکە، لەو ڕۆژەدا بەشکۆوە سەرکەوتن ڕادەگەیەنرێت، لەو ڕۆژەوەی پارتی لە کەرکووک بارەگای نەبووە خەڵک ھەر دەیانگوت کورد نەگەڕاوەتەوە، پارتی ئاوا پێناسە دەکرێت، ئەرکمان بۆ کەرکووک زۆر قورس دەبێت، لەلایەک دەبێت ئیدارەی خراپی شارەکە ڕاست بکەینەوە لەلایەکی دیکەوە دەبێت خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.
کاندیدی لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر دەڵێ: خەڵکی خۆمان لە کەرکووک زۆر بەپەرۆشن و دەیانەوێت بۆ ھەموو لایەک بیسەلمێنن کورد لە کەرکووک زۆرینەیە و دەستەڵات جارێکی دیکە بۆ کورد دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارەیەی چەندین ساڵە تەعدا لە کورد دەکات بیگۆڕن بە ئیدارەیەکی شەرعی ئەویش لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە، بۆیە گەرموگوڕی زۆر بە خەڵکەوە دیارە، نەک تەنیا کورد بگرە پێکھاتەکانی دیکەش پشتگیری لە پارتی دەکەن، بۆیە ئومێدێکی زۆرمان ھەیە ئەمجارە پارتی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت، خەڵک دەیەوێت پارتی بچێتە دەستەڵات و لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵک و شاری کەرکووک بکات، بۆیە ھەمووان ئاواتە خوازن پارتی لە کەرکووک ببێتە دەستەڵاتدار و خزمەتی ئەو شارە بکات، بۆیە بە پشتیوانی جەماوەری کەرکووک چاوەڕوانی دەرەنجامی باشین.
ئاشکراشی کرد: وەک بەربژێرانی پارتی بەڵێن بۆ سەرۆک بارزانی دووپات دەکەینەوە داکۆکیکاری سەرسەختی کەرکووکیەکان بین و بەڵێن دەدەین ڕێگە نەدەین چیتر بەناوی کەرکووکەوە سەودا و کڕین و فرۆشتن بە دەنگیانەوە بکرێت، دەبێت کەرکووکیەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن تا خزمەتیان بکەن.
ئەوەشی گوت: چەندین مافی یاسایی ھەیە لای حکوومەتی فیدراڵ کەس نەبووە جگە لە پارتی بەرگری لەو خەڵکە بکات قەرەبوو کردنەوەی ئاوارەکان و خەڵکی زەرەرمەندی سەردەمی بەعس و کەسوکاری شەھیدان ھیچیان بۆ نەکراوە و پارتی لە کارنامەکەیدا ھەموو ئەو مافانەی داناوە بەدەست بێنێت و خەڵک سوودمەندبێت لەو مافە یاسایەی ھەیەتی.
کاندیدی ژمارە ٤ی لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لەوەشکردەوە: لە ساڵی ١٩٦٣ چەندە تەعریب کراوە لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەریش ھەر ھەندە تەعریب کراوە، ھەروەھا کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ چونکە کۆی کێشەکان چارە دەکات، کە دەبوو لە ٣١ـی ١٢ـی ٢٠٠٧ جێبەجێ کرابایە، بەڵام بەھۆی چەندین بیانوی جۆراوجۆرەوە ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرا، ھەروەھا ھەوڵدەدەین یەکسانی لە نێوان پێکھاتەکان بچەسپێنین، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەرنامەی کاری پارتی دیموکراتی کوردستانە، ھەروەھا لە ھەموو بوارەکاندا ھەوڵدەدەین خزمەت بە گشت لایەک بکەین، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پڕۆژەی پارتی بۆ خزمەتی گشت نەتەوەکانە بەبێ جیاوازی.