رێبەر ئەحمەد سەرۆکایەتیی شاندێکی عێراق لە کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران دەکات

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندێکی عێراق لە کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران دەکات کە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران 2023، ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-12-2023 لە شاری جنێفی سویسرا دەستیپێکرد و تا رۆژی هەیینی، 15-12-2023 بەردەوام دەبێت. شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژەی بەوە کردووە، “خۆشحاڵبووم بە سەرکردایەتیکردنی شاندی عێراق لە کۆڕبەندی جیهانیی پەناران لە جنێف”.

لە پەیامەکەیدا هاتووە: “پابەندین بە پێشخستنی هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوبەشکردنی تێروانینەکان و بەرەوپێشبردنی چارەسەری کێشەکانی تایبەت بە قەیرانی جیهانیی پەنابەران، بەتایبەت ئەوانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانن”.

کۆڕبەندەکە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و گەورەترین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا سەبارەت بە پەنابەران؛ داڕێژراوە بۆ پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی پراکتیکی ئەو ئامانجانەی کە لە پەیماننامەی جیهانی سەبارەت بە پەنابەراندا هاتووە: سووککردنی فشارەکان لەسەر وڵاتانی میواندار، بەرزکردنەوەی پشتبەستن بە پەنابەران، زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرەکانی وڵاتی سێیەم و باشترکردنی بارودۆخەکان لە وڵاتانی ڕەسەن.

کۆڕبەندەکە دەرفەت بۆ دەوڵەتان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڕەخسێنێت کە بەڵێن و بەشدارییە کۆنکرێتییەکان ڕابگەیەنن، تیشک بخەنە سەر پێشکەوتنە بەدەست هێنراوەکان، پراکتیزە باشەکان هاوبەش بکەن.

کۆڕبەندی 2023 لەلایەن پێنج وڵاتەوە بە هاوبەشی بانگهێشت دەکرێت؛ کۆڵۆمبیا، فەرەنسا، ژاپۆن، ئوردن و ئۆگاندا، و بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی سویسرا و UNHCR میوانداری دەکرێت.