ئەمڕۆ تەواوی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆران وەردەگیرێت

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ئاشکرای کرد، تەواوی 700 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئەمڕۆ پارەکە وەردەگیرێت.

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تەواوی 700 ملیار دینارەکەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەمڕۆ تیمەکانی ئێمە پارەکە لە بانکی ناوەندیی عێراق وەردەگرن”.

سەبارەت بە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ کە تائێستا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە نەنێردراوە، مەولود سابیر، گوتی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی پارەی ئەو سێ مانگە بۆ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بنێردرێت، چونکە ئەوە مافی فەرمانبەرانە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستانە، تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر مانگێک 943 ملیار دینارە، کەچی تائێستا بەغدا 700 ملیار دینار بۆ ئێمە رەوان دەکات، ئەمەشیان لەکاتی خۆی نانێرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، روونیکردەوە: “تائێستا لە ئەمساڵ نۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، تا داهاتی نەوت لەبەر دەستی خۆمان بوو هەموو مانگێک لە 1 تا 4ی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرا، گرفتی ئەو سێ مووچەیەی کە ماوە بەغدایە و لای ئەوانە، چونکە ئێستا نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان لە دەست بەغدایە و ئەو بەرپرسیارە لە پێدانی مووچە”.

گوتیشی: “پێشتر هەندێک کەس و لایەنە دەیانگوت ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت و داهاتەکان رادەستی بەغدا بکات کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئێستا هەموو شتێک لای ئەوانە و کێشە داراییەکان زیاتر بوونە، دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە”.

لەبارەی وردبینی کردن لە لیستی مووچەخۆران و خەرجییەکان، لەلایەن چاودێری دارایی عێراق، مەولود سابیر، گوتی: “چەندین جار وردبینی لە خەرجی و لیستی مووچەخۆران کراوە، بەڵام ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی دەکرێت بیانووە، لەبەر ئەوەی هەموو داتاکان دراوەتە بەغدا، ئێستا داتای هەموو داهات و خەرجی و لیستی مووچە لای ئەوانە، بەڵام ئەوەی دەیکەن تەنیا سەپاندنی دەسەڵاتی مەرکەزییە”.

جەختیکردەوە: “پێویستە حکومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوە مافە، بە بڕوای من ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت پێویستە وەک هەرێمی کوردستان رێکاری یاسایی دژی عێراق بگرینەبەر، بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو ئەو دۆخە بەردەوام نەبێت و گرفتی مووچەخۆران چارەسەر بکرێت”.