ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی كانوونی یەكەمی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و تیایدا چەند بابەتێك تاووتوێ دەكرێن.
بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئـــاگركەوتنەوە لە باڵەخـــانەكەی ئیـــدارەی ســەربەخۆی ســـۆران كە لە 8ـی ئەم مانگەدا ڕووی دا و بـــووە هـــۆی گیانلەدەستدانی 14 كەس و برینداربوونی چەند كەسێكی دیكە.
لە بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا، بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەكان دەدرێت، كە لە كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا خرابووە ڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەكە بۆ كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.
دوابڕگەی كۆبوونەوەكە، تاووتوێكردنی ڕاپۆرتێكی وەزیری كارەبای هەرێم دەبێت لەبارەی ڕەوشی كارەبا و گرفتی كوژانەوەی گشـتیی سیستمی كارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا. هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاووتوێ دەكرێت.
previous post