ئاکۆ سلێمان تاھر، کاندیدی پارتی لە پارێزگای کەرکووک: پارتی لە کەرکووک کار بۆ سەقامگیری و ئاوەدانی دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پارتی دەیەوێت زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بێنێت و پارێزگارێکی کورد دابنێت و دۆخی کەرکووک بۆ دۆخی جاران بگەرێتەوە و کۆتایی بە بەسەربازگەکردنی کەرکووک بێت و ئاسایشی شار بدرێتەوە دەست پۆلیس، ھەروەھا لە چوار ساڵی داھاتوودا پارتی لە کەرکووک کار بۆ سەقامگیری و ئاوەدانی دەکات.

ئاکۆ سلێمان تاھر، کاندیدی ژمارە ٩ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک بەردەوامە و خەڵک زۆر باش پێشوازی لە کاندیدانی پارتی دەکەن. ھاووڵاتییان دڵنیان ھەر کاتێک پارتی ھەبێت کوردیش بوونی ھەیە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی متمانەی زۆرینەی خەڵک بەدەست بێنێت، بەگەڕانەوەشی کاریگەری زۆری ھەبوو و دڵنیان کە پارتی پاڵپشتییەکی بەھێزە بۆ خەڵکی کەرکووک.
ئاکۆ سلێمان تاھر، دەشڵێ: دەمانەوێت لەڕێگەی ھەڵبژاردن زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بێنین بۆ گۆڕینی ئەو دیموگرافیایەی بەسەر شارەکەدا ھاتووە، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر گۆڕانی زۆر کراوە و غەدرێکی زۆر لە کورد کراوە و زۆرینەی پۆستەکان لە کورد وەرگیراونەتەوە و شارەکە بووەتە سەربازگە، دەمانەوێت ئەو واقعە بگۆڕین و لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پارێزگارێکی کورد دانێین و دۆخی شار بۆ دۆخی خۆی بگەڕێتەوە و ئەمنیەتی شاریش بدرێتەوە دەست ھێزی پۆلیس.
ئەو کاندیدەی پارتی، گوتیشی: لەوەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک خێر و بەرەکەت بەسەر ئەو شارەدا باریوە، تەنانەت کێشەیەکی کۆمەڵایەتیش ڕووی نەداوە و عەسکەرتاریەت نەماوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە نەبوونی پارتی لە ماوەی ئەم چەند ساڵە چەند بۆشاییەکی گەورە بووە، بۆیە خەڵک دڵخۆشە و پێیان باشە لەمەودوا پارتی لە کەرکووک نوێنەرایەتی ئەوان بکات و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵدەبژێرن، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژانە ھەزاران کەس سەردانی بارەگاکانی پارتی دەکەن، ئەمەش وای کردو‌وە دڵخۆش بین بەوەی لە ‌سنووری پێشبینییەکانمانەوە دەنگ و کورسیی زیاتر بھێنین.
لەبارەی نەخشەی ئیداریی پارێزگای کەرکووک و چۆنیەتی گۆڕینی ئەو ئیدارە لە ‌بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک. ئاکۆ سلێمان تاھر، کاندیدی ژمارە ٩ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: دەبێ نەخشەی ئیداریی شار بگۆڕین و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنینەوە، ھەروەھا ڕێگە نەدەین جارێکی دیکە پارێزگارێکی سەپێنراو پارێزگار بێت، کاتێک گوتیان پارتی دەگەڕێتەوە کەرکووک، دوژمنەکانمان ھاتنە سەر شەقام و گوتیان قەبووڵ ناکەین کورد بگەڕێتەوە، ئەمەش دەلیلی ئەوەیە، کە پارتی ھەڵگری شوناسی نەتەوەییە، چونکە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، واتای گەڕانەوەی کورد بوو بۆ ئەو شارە.

ھەواڵی زیاتر