حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بەھۆی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی خەڵکی دەرەوەی پارتییش دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن

حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: بەھۆی سیاسەت و ھەڵوێستەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی خەڵکی دەرەوەی پارتییش لە ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەن. دەشڵێ: لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبینە پارێزەر بۆ چارەکردنی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران.

حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: بەچوونمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا چارەکردنی کێشەی زەوی و زاری کشتوکاڵییە لەسەرجەم ناوچەکانی سنووری کەرکووک بۆ ئەوەی خاکی خۆمان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و کۆتایی بە تەعداکردن لە جووتیاران بێت، ئێمە دەبینە پارێزەری مافی جووتیارانی خۆمان، بۆیە داواکارین خەڵک متمانە بە کاندیدانی پارتی بدەن، چونکە کێشەی ئێمە لە کەرکووک کێشەی خاک و نەتەوەیە.
سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: چاوەڕوانی ئێمە بۆ ھەڵبژاردن ئەوەیە لیستی ١٩٧ی پارتی دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت. ھەڵبژاردنی ھەفتەی داھاتوو جیاواز دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بۆ پارتی، چونکە ئێستە بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە جگە لە پارتی، لایەنەکانی دیکە خزمەتیان ناکەن، دەشزانن ئەندامانی پارتی خۆیان بە خزمەتکاری جەماوەر دەزانین نەک دەستەڵاتدار.
حەسەن شێخانی، زیاتر دەڵێ: ئەندام و لایەنگری لایەنەکانی دیکە دێنە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و پشتگیریی لە ئێمە دەکەن، دەزانن تەنھا پارتی خەمخۆری خەڵکە و داکۆکی لە مافەکانیان دەکات، بۆیە بەڵێنمان بە خەڵک داوە خزمەتیان بکەین نەک تەنھا دەستەڵات وەربگرین، چونکە ڕێبازی بارزانی وایە ئێمە پێویستە خزمەتکاری خەڵک بین نەک دەستەڵاتدار بین بەسەر خەڵکەوە؛ خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پارتی خزمەتیان دەکات، بۆیە خەڵک خۆی دێت پاڵپشتی لە ئێمە دەکات و پشتگیریمان دەکەن. دڵنیاین ئەمجارە سەردەکەوین و کورسیی زیاتر بەدەست دێنین، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر پشتگیریمان لێ دەکەن.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد: خزمەتگوزاریی لە ناوچە کوردییەکان زۆر کەمە و جیاوازی زۆر دەکرێت لە نێوان ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، چونکە لە ھەندێک ناوچە پڕۆژەی زۆر جێبەجێ دەکرێت و لە ناوچە کوردنشینەکان کەمترین پڕۆژە جێبەجێ کراوە، پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو جیاوازییە ناھێڵێت و پێویستە عەدالەت ھەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری.

ھەواڵی زیاتر