چاودێریكردن و بەدواداچوونی بازاڕ لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوامە و هەموو جۆرە فرۆشگە و مۆڵێكی گرتووەتەوە. لەو بارەوەش بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاندووە: “لە دە مانگی پێشوودا، 70 سزای داخستن و 330 ملیۆن پێبژاردنی دارایی هەبووە.”
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕەكان و مۆڵ و نانەواخانە و شوێنە خۆراكییەكان و كۆگاكان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە، خواردن و كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا دەگیرێت، شوێنی هەڵگرتنی كاڵاش لەبەرچاو دەگیرێت و بە پێی ڕێنماییەكان سزای لەسەرە.”
كامیل، لەبارەی سزاكانەوە، گوتی :”لە دە مانگی ساڵی 2023، زیاتر لە 4 هەزار و 800 بەدواداچوون بۆ بازاڕەكان كراون، 2700 سەرپێچی، 70 داخستن، 330 ملیۆن دینار پێبژاردنی دارایی هەبووە، زیاتر لە 170 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچووش لەناوبراون.”
لەبارەی لێپێچینەوە لەسەر نرخی كاڵا، ناوبراو گوتی: “سەیری مەنەفێستی نرخی بنەڕەتیی كاڵاكانی شوێنە بازرگانییەكە دەكەین و بەراوردی نرخی فرۆشتنەكەی دەكەین. گەر زۆر زیاد بوو خاوەنكار سزا دەدرێت. چونكە نرخ چوارچێوە و سنووری خۆی هەیە؛ ئابووریی بازاڕ واتا ئازادی لە دیاریكردنی نرخ، بەڵام بە واتای ئازادی نییە لە زۆر بەرزكردنەوەی نرخدا.”
شێخ كامیل، لەبارەی هاوكاریی هاووڵاتییانەوە بۆ بەدواداچوونی زیاتر گوتی: “هاووڵاتییان لەبارەی زۆریی نرخ و خراپیی كاڵا و بەسەرچوونیان، زۆر هاوكارن لە ئاگاداركردنەوەی لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی، بۆیە هیوادارین بەردەوام لەسەر ئەو پرسانە لیژنەكانمان بە مەبەستی بەدواداچوون ئاگادار بكەنەوە.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری