لە هەولێر..ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە 2023.12.12، بە ئامادەبوونى فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.محمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم و بە بەشداری کریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر و چەندین پسپۆر و شارەزا و مامۆستایانى زانکۆ و نوێنەری ڕێکخراوەکانی UN و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاو، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم بە هاوبەشی زانکۆی کوردستان، لە بارەی ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمى کوردستان کۆنفرانسێکی ئەنجامدا.

تێدا ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمى کوردستان و دیاریکردنی کاری لە پێشینەی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی تەواوکاری لە بارەی ئاو و تاوتوێکردنی بابەتی ئاوەڕۆ و ستراتیژیەتی دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ پێویستییە هەنووکییەکان و داهاتوو خرایە ڕوو.

جێگەى باسە، بەپێى سەرچاوە زانستییەکان، بەهۆی مەترسیەکانی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا تاوەکو ساڵی 2050 بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە یەک پلەی سیلیزی و کەمبوونەوەی بارانبارین بەڕێژەی 10٪، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بەڕێژەی 20٪ و، بەو هۆیەشەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی زەویی لە عێراق و ناوەچەکە ئاوی پێناگات، لە هەرێمى کوردستانیش بە گشتیى باران 30٪ـی ئاوی ژێر زەوى دابین دەکات و نزیکەی 70٪ـی سەرچاوەکانی دیکەی ئاویش لەسەر رووبارەکانە.