کابینەی نۆیەم دوای نۆ ساڵ کێشەی زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی چارەسەرکرد

دوای نۆ ساڵ، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی خاوەنی زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی چارەسەرکرا.

رۆژی پێنجشەممە، 07-12-2023، دوای نۆ ساڵ، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رێپێدانی بە چوار هەزار و 200 خێزان دا بۆ ئەوەی بتوانن له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی لە هەولێر خانوو دروستبکەن.

شوان حەمەد، نوێنەری قەرەبووکراوانی گوندی کۆری راگەیاند، “نازانین بە چ شێوەیەک دڵخۆشی خۆمان دەرببڕین. هێندە دڵخۆشین وەسف ناکرێت. ئێمە لە سەرەتاوە زۆر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و دەستخۆشی لێ دەکەین. بە ڕاستی زۆر پشتیوانی کردین لەم دۆسیەیە و بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بوو تاوەکو ئەم دۆسیەیە لە بەرژەوەندی ئێمەدا کۆتایی هات”.

گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 لەسه‌ر رووبه‌ری هەزار و 592 دۆنم زەوی وەکو هاوکارییەک بۆ کرێنشینان دروستکراوە، کە بریتیبوون لە پێنج هەزار و 304 یەکەی نیشتەجێبوون. ئەوکات 1200 لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت.

رۆژی چوارشەممە، 04-10-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وێنه‌ی تۆماری نزیكه‌ی 4200 پارچه‌ زه‌وی له‌ گوندی كۆری ته‌واوكران، خاوەن زەوییەکان پێشتر بڕیاردرا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕی 7000 دۆلار و زەوییەکی 200 مەتری قەرەبوو بکرێنەوە.