لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بەردی بناغەی هۆڵی بۆنەکان لە بەردەڕەش دانرا

پارێزگاری دھۆک، لە میانەی دانانی بەردی بناغەی ھۆڵی بۆنەکان لە بەردەڕەش رایگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ١٦٠ پڕۆژە لە قەزای بەردەڕەش بە گوژمەی ١٩٣ ملیار دینار جێبەجێ کراون، ئەمڕۆش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە گوژمەی حەوت ملیار دینار، بەردی بناغەی ھۆڵی بۆنەکان دانرا.

دوێنێ، د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ھۆڵی بۆنەکان، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بوو، سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و لە وتەیەکدا گوتی: “ئەمە ٢٠ جارە سەردانی قەزای بەردەڕەش دەکەین بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئەمڕۆش بەردی بناغەی ھۆڵێکی بۆنەکان دادەنێین، کە لە کاتی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەردەڕەش، خەڵک داوای کردبوو و سەرۆک بارزانیش داوای لە حکوومەت کرد ئەو داواکارییە جێبەجێ بکرێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت”.

پارێزگاری دهۆک گوتیشی: “پڕۆژەکان بەردەوام دەبن و لە چوار ساڵی رابردووشدا سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان، توانیومانە ١٦٠ پڕۆژە لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ بکەین، کە ٦٦ پڕۆژە تەواو بوونە و پڕۆژەی گەورەن و ٧٧ پڕۆژەش کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها ١٦ پڕۆژەش لە قۆناغی تەندەریندان، بۆیە ئەنجامدانی پڕۆژە نەوەستاوە و ئەمەش لەسەر داوای خەڵکی دەڤەرەکەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو: “ئەو پڕۆژانە بە گوژمەی سەد و نەوەد و سێ ملیار دینار بووە و پڕۆژەی زۆر باشی تێدایە، کە ١٩٤.٢ کم رێگا قیرتاو کراوە و پڕۆژەی ئاو و کارەبا و ١٨ قوتابخانە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا لە بەردەڕەش زیادیان کردووە و نەخۆشخانە کاری باشی بۆ کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت، هەروەها سایلۆی روڤیا ئەویش تەواو بووە”.
پارێزگاری دهۆک، ئاماژەی بەوەش کرد: “بەردەڕەش بووەتە ناوچەیەکی گرنگ لە بواری کشتوکاڵ و چەندین کارگە دروست کراون لە بواری پیشەسازی لە قەزای بەردەڕەش و بڕیارە سەردانی دوو کارگەی گەورە بکەین، کە دەرفەتی کاریان بۆ ٨١٠ کەس رەخساندووە، بۆیە پڕۆژە بەردەوام دەبن سەرەڕای ئەوەی قەیرانی بەردەواممان بۆ دروست دەکرێت، ئەمەش بۆ سەرکەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە”.