ئەنەس جەمال محەممەد، کاندیدی پارتی لە کەرکووک: لیستی ١٩٧ دەبێتە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی کەرکووک

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاندیدی ژمارە ١٩ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: لیستی ١٩٧ پارتی دەبێتە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی کەرکووک. دەشڵێ: ئامانجی ئێمە لەو ھەڵبژاردنە دروستکردنی ئیدارەیەکە خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی بکات.

ئەنەس جەمال محەممەد، ڕایگەیاند: پارتی و کەرکووک دوانەیەکی دانەبڕاون لە ‌یەکتری. سەرۆک بارزانی، لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ ئەو شارە، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی وەکو دیارییەک پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرد، ئەمە بۆ ھەمووان جێگای سوپاس و خۆشحاڵی بوو و واتایەکی قوڵی ھەبوو کە تەنیا کەرکووکییەکان لێی تێدەگەن.
کاندیدی ژمارە ١٩ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێ: ئێستە بەرەو ھەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز دەچین، گرنگە وەکو پارتی بتوانین سەرکەوتنێکی گەورە بکەینە دیاری بۆ سەرۆک و خوێنی ئەو شەھیدانەی لە پێناوی شکۆ و ئاڵا بەر لە دوو مانگ گیانیان کردە قوربانی. ئەم ھەڵبژاردنە چارەنووسسازە وەکو کورد بتوانین ڕێژەی زۆری کورسییەکانی ئەنجوومەن بەدەست بھێنین و لەگەڵ پێکھاتە و خەڵکە ڕەسەنەکەی تورکمان و عەرەب و نەتەوەکانی دیکە، کە لە لیستی ١٩٧ی پارتیمان بەشدارن، دڵی کوردستان بگەڕێنینەوە بۆ ئازادی.
ئەنەس جەمال محەممەد، ئاشکراشی کرد: دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەچوارچێوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردنە، چونکە پارتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە کاری بۆ پێکەوەژیان کردووە و لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆشی باسی کردووە، بۆیە ئامانجی ئێمە لەو ھەڵبژاردنە ئەوەیە ئیدارەیەکی ڕێکوپێک بێتە کایەوە و خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانی کەرکووک بکات بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان پێکھاتەکان.
کاندیدی ژمارە ١٩ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: ھەوڵمان داوە برایەتیی لە کەرکووک بپارێزین، ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیشمان بە ھێمنی دەست پێ کردووە و بەھێمنیش کۆتایی پێ دێنین، ھەر بۆیە تائێستە ڕێگەمان نەداوە ھیچ کەسێک لە ھیچ پێکھاتەیەک بێزار بکەین، بەردەوامین و خەڵکیش پێشوازییەکی باشمان لێ دەکات و پاڵپشتمانن.
ئەنەس جەمال محەممەد، گوتیشی: خەڵکی کەرکووک متمانەی زۆری بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و باش شارەزای پارتی و ھەڵوێستەکانی پارتین، بۆیە وا دەزانن تازە کورد بۆ کەرکووک گەڕاوەتەوە و ئێستە ھەست دەکەن لایەنێک ھەیە پشتگیری لەوان دەکات، بۆیە ئێمەش بەرنامەیەکی باشمان داناوە بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و مافی خەڵکی کەرکووک بگەڕێنینەوە، جارێکی دیکەش ڕێگە نادەین تەعدا لە خەڵکی ئێمە بکەن.
ئەنەس جەمال محەممەد، کاندیدی ژمارە ١٩ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر دەڵێ: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک دۆخێکی ناسەقامگیر دروست بووە، جیاوازی زۆر کراوە لەنێوان پێکھاتەکان، بەتایبەت تەعەدایەکی زۆر لە کورد کراوە و زەوی و پۆست لە کورد وەرگیراوەتەوە و خزمەتیان نەکراوە؛ ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە مافی کورد بگەڕێتەوە و پێکھاتەکانیش ھەموو وەکو یەک خزمەتیان بکرێت.

ھەواڵی زیاتر