ڕەشید حوسێن، کاندیدی پارتی لە نەینەوا: لیستی ١٩٧ی پارتی بەهێزترین لیستی هەڵبژاردنیپارێزگای نەینەوایە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاندیدی ژمارە ٣١ی پارتی لە نەینەوا، دەڵێت: خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی ھەڵبژاردن لیستی ١٩٧ی پارتی ھەڵدەبژێرن و پاداشتی پارتی دەدەنەوە، چونکە لە کاتی ھێڕشی تیرۆریستانی داعش، پارتی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی نەینەوای کرد.

ڕەشید حوسێن، کاندیدی ژمارە ٣١ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری نەینەوا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و وەکو کاندیدانی پارتی ڕۆژانە پەیامی پارتی بە ھاووڵاتییانی نەینەوا دەگەیەنین بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن.
کاندیدی ژمارە ٣١ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاشکراشی کرد: لە نەینەوا نەک تەنیا کورد، بگرە عەرەبیش پشتگیری لە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و ئومێدێکی زۆرمان ھەیە بتوانین دەنگی باش لە نەینەوا بەدەست بێنین و لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا خزمەتی خەڵک بکەین و بەرگری لە مافەکانیان بکەین.
کاندیدی ژمارە ٣١ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەشڵێ: ئێستە بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری نەینەوا زۆر گەرموگوڕ بووە و زۆریش باش بەڕێوە دەچێت و خەڵکی خۆشەوستی شاری نەینەوا و ناوچەکانی دیکەش پشتگیری خۆیان بۆ لیستی پارتی دووپات دەکەنەوە و ئێمە جەماوەرێکی باشمان لە نەینەوا ھەیە، عەرەبیش پشتگیریمان لێ دەکەن، ئێمەش پەیوەندیمان لەگەڵیان باشە، بۆیە داوا لە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەکەم لە ڕۆژی دەنگدان لیستی ١٩٧ی پارتی ھەڵبژێرن. ئەو پارتەی ھەموو توانایەکی خستووەتە گەڕ بۆ بەرگریی لە مافی ھاووڵاتییان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، خەڵکی پارێزگای نەینەوا لە بیریانە کاتی ھێڕشی داعش پارتی چۆن توانی بەرگری لە خەڵکی سڤیل و بێدەستەڵاتی نەینەوا بکات و دەرگای بە ڕووی ئاوارەکاندا کردەوە.
کاندیدەکەی پارتی، گوتیشی: سەرەڕای ھەبوونی قەیرانێکی سەختی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو ھەموو فشارانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبوون لە سەردەمی ھێرشی داعش، بەڵام پارتی و حکوومەتی ھەرێم قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبوون خەڵکی لێقەوماوی نەینەوا لە خۆ نەگرن و بە باشترین شێوە خزمەتیان کردن.
ڕەشید حوسێن، ئاشکراشی کرد: خەڵکی نەینەوا لەگەڵ لیستی پارتین و بەرنامە و کارنامەی پارتییش بۆ چوار ساڵی داھاتوو دیارە، لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیە ئێمە خزمەتی خەڵکی ئەو سنوورەکە دەکەین، جگە لە کارنامەی لیستی ١٩٧ی پارتیمان، خۆشمان ھەریەکەو لە بوارێکدا خزمەتی دەنگدەرانی نەینەوا دەکەین.
ڕەشید حوسێن، کاندیدی ژمارە ٣١ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، زیاتر دەڵێ: لیستەکەی ئێمە بەھێزترین لیستی ھەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوایە و دوای ھەڵبژاردنیش درێغی ناکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خەڵکی نەینەوا، ئەوە پارتییە لەو پارێزگایە دەتوانێت بڕیار بدات و چاودێریی کارەکانی حکوومەتی خۆجێی نەینەوا بکات.