250 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: “کەمێک لە مەوبەر بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق”.

رۆژی دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە شاری بەغدا گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رەشیدەوە واژۆ کردووە.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند رۆژی رابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناری لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆکردووە.

پێشتر لە 10/12/2023، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێریی تەیف سامی، وەزیری دارایی، “رۆژی هەینی 8/12/2023، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی کردووە بە مەبەستی تەرخانکردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی ئەو بڕەپارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوای پابەندبوونی بە یاسای بودجە، پاکتاو بکرێت”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لەسەر ئەوە رێککەوتبوون تا جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی بۆ هەر سێ مانگی 7 و 8 و 9، بۆ هەر مانگێک بەشێوەی قەرز 700 ملیار دینار لە بەغداوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ مانگێک ئەو بڕە پارەیە لەکاتی خۆی رەوانە نەکراوە، بڕیاریشە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنێکی دیکە بۆ ناردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، یان پاکتاوی دارایی ئەمساڵ لەنێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ئەمساڵ، تریلیۆنێک 375 ملیار دینارە، بەڵام تائێستا نە یاسای بودجە جێبەجێ کراوە، نە ئەو بڕە پارەیەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە.