شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ئه‌منی و دارایی و ئابووری و هه‌روه‌ها دۆسییه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌كانی عێراق تاوتوێ كران.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئاوات جه‌ناب نووری وه‌زیری دارایی و ئابووری به‌ ئاماده‌بوونی به‌نگین ڕێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی عێراق.

بڵاویشی كرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی گشتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كران، دواتریش كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ی ئه‌منی و دارایی و ئابووری و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌كانی عێراق قسه‌ و باسیان له‌سه‌ر كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ پارێزگه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق (جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان) به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان حكوومه‌تی فیدڕالی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌تایبه‌تیش بابه‌تی مه‌رزه‌كان و یه‌كخستنی سیاسیه‌تی گومرگی و یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌مه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی هاووڵاتییان و وڵات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌م شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتبوونه‌ شاری به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كانی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌،‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌گه‌ڵ شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیمی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حكوومه‌تی عێراق كۆببوونه‌وه‌.