د.بەشیر حەداد: ڕاگرتنی پشکی ھەرێمی کوردستان خۆ دزینەوەیە لە یاسا

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ڕاگرتنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خۆ دزینەوەیە لە یاسای و دەڵێ: وەک یاسا ھیچ کێشەیەک نەماوە لەنێوان ھەرێم و بەغدا، بەڵام یاسا جێبەجێ ناکرێت و ھەموو پرسێک بە سیاسی کراوە.

د.بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەوەی ئێستا عێراق بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەیکات خۆ دزینەوەیە لە یاسا، چونکە لەهەر وڵاتێک یاسا ھەبوو پێویست بە ڕێککەوتنی سیاسی ناکات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە عێراق بنەمای دەوڵەت جێبەجێ ناکرێت ڕێککەوتنی سیاسی دەکرێت، لەناو یاسای بودجەی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە و ھەرێمی کوردستانیش پابەندبووە، بەڵام ئەوە حکوومەتی فیدڕاڵە پابەند نییە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

جێگری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: لە مانگی ئاداری ڕابردوو ھەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە و ھەموو ئەرکەکانی بەرامبەر بە عێراق جێبەجێ کردووە، چەندین جار چاودێری دارایی عێراق بە ھەماھەنگی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان وردبینی کردووە، بەڵام ئەوان ھەر پابەند نابن بە یاسا.

لەبارەی ڕێککەوتن بۆ ساڵی نوێ د.بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کێشە لەوەدایە لە عێراق یاسا جێبەجێ ناکرێت و ڕاگرتنی پشکی ھەرێمی کوردستانیش لە یاسا دەرچووە و کراوەتەوە پرسێکی سیاسی، مادام پرسەکە بە سیاسی کراوە پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی ھەیە نەک بۆ ساڵێک و بابەتێک وای لێھاتووە، دەبێت بۆ ھەموو ڕۆژێک ڕێککەوتنی سیاسی بکرێت.